دهۆک
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ژنێک لە سنووری ئامێدی بەشێوەیەکی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات، تا ئێستاش لایەنە پەیوەندییدارەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەستی ڕۆژنیوز، کاتژمێر ٠٦:٠٠ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ژنێک بە ناوی مریەم سیار ئاڤدەل، تەمەن ٤١ ساڵ، لەسەر بانی ماڵەکەی خۆی ئاگری لە جەستەی بەرداوە و گیانی لە دەستدا.
ئەو ژنە دایکی چوار منداڵە و هاوژینەکەی پێشمەرگەیە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کاتی ڕووداوەکەدا هاوژینەکەی لە دەوامی فەرمیدا بووە.
هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە ڕووداوەکە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری خۆسووتاندنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، کە لە باشووری کوردستان ڕێژەی توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە ئاستێکی مەترسیداردایە و حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان تا ئێستا نەیانتوانیووە ڕێگری لەم دیاردەیە بکەن.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ڕۆژنیوز، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەم ڕووداوەوە ١٥ ژن کوژراون و ١٤ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە و دوو ژنی دیکەش بریندار بوون.
ب. جـ
Comments are closed.