ڕانیە
لە گەرمەی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکاندا، کاتێک زۆرێک لە پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکان بەرەو کزی دەچن، پەرتووکخانەی “ئەحمەد کۆیی” لە شاری ڕانیەی سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیریی زیندوو، ماوەی ٢٧ ساڵە بەردەوامە لە خزمەتکردن و بووەتە ماڵی دووەمی نووسەران و خوێنەرانی شارۆچکەکە.
هۆشەنگ ئەحمەد عەلی، ناسراو بە “هۆشەنگ ئەحمەد کۆیی” خاوەنی پەرتووکخانەکەیە و مێژووی ئەم پڕۆژەیە بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە و دەڵێت: مێژووی کتێبخانەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٧، کە لەگەڵ باوکی خوالێخۆشبووم بە ناوی “پەرتووکخانەی پەروەردە” دامانمەزراند، دوای کۆچی دوایی باوکم لە ساڵی ٢٠١٢، وەک وەفایەک بۆی، ناوەکەمان گۆڕی بۆ “پەرتووکخانەی ئەحمەد کۆیی” و تا ئێستاش لەسەر ڕێچکە و خۆشەویستیی ئەو بۆ پەرتووک بەردەوامین.

هۆشەنگ ئەحمەد دەڵێت: پێشتر پەرتووکخانەی تر لە شارەکەدا هەبوون، بەڵام “پەرتووکخانەی ئەحمەد کۆیی” تاکە پەرتووکخانەیە کە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵە بێ دابڕان ماوەتەوە و بووەتە ناوەندێکی کولتووری.
پەرتووکخانەی ئەحمەد کۆیی تەنها شوێنێک نییە بۆ فرۆشتنی پەرتووک، بەڵکو گۆڕەپانێکە بۆ چالاکیی ڕۆشنبیریی هەمەجۆر هۆشەنگ ئەحمەد کۆیی دەڵێت: گرووپێکمان بە ناوی “بە کولتوورکردنی کتێب” دامەزراندووە و هەفتانە کۆدەبینەوە جیا لەوەش، دیبەیت، کۆڕی شێعری، سیمینار و ناساندنی پەرتووک لە پەرتووکخانەکەدا بەڕێوەدەچێت.
لە هەوڵێکی نوێشدا، پەرتووکخانەکە خولی فێربوونی شەتڕەنجی کردووەتەوە، چونکە وەک خاوەنەکەی دەڵێت: شەتڕەنج یارییەکی فکرییە و پێویستی بە زیرەکی و لێهاتوویی هەیە، نەک شانس.
هۆشەنگ ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە بارودۆخی ئابووریی کوردستان و ناسەقامگیریی ناوچەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کڕینی پەرتووک هەبووە، بەڵام ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە چەندین هەنگاویان ناوە و دەڵێت: بۆ هاندانی خوێنەران، ئۆفەری تایبەتمان داناوە، وەک پێدانی پەرتووک بە دیاری لەگەڵ کڕینەکاندا، هەروەها خەڵاتکردنی هەفتانەی ئەندامە چالاکەکانی پەیجەکەمان.
دەشڵێت: گرنگتر لەوەش، بەشێکی تایبەتمان لە پەرتووکخانەکەدا تەرخان کردووە بۆ ئەو کەسانەی توانای کڕینی پەرتووکیان نییە، کورسی و مێزمان داناوە و هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت بێت و بە بێ بەرانبەر لەوێ پەرتووک بخوێنێتەوە.
سەرەڕای ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونە لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئاستی ڕۆشنبیریی شارۆچکەکە، هۆشەنگ ئەحمەد بە گلهییهوه دهڵێت: بەداخەوە لەم ٢٧ ساڵەدا و لەم هەموو قەیران و گرانییەدا، هیچ لایەنێکی حکومی یان فەرمی تەنانەت بە دەستخۆشییەکیش ئاوڕی لێ نەداوینەتەوە، تەنها لەبەر خۆشەویستیم بۆ خوێنەران و نووسەران و وەفام بۆ باوکم، درێژەم بەم کارە داوە.
لە کۆتاییدا، هۆشەنگ ئەحمەد کۆیی دەڵێت: پەرتووکخانەی ئەحمەد کۆیی ماڵی هەموو چین و توێژەکانە، دەرگامان کراوەیە بۆ هەر کۆڕ و سیمینار و چالاکییەک، با لەبیرمان نەچێت، ڕاستە پەرتووک لە کاتی خوێندنەوەدا سەرمان شۆڕ دەکات، بەڵام لەناو خەڵکدا سەرمان بەرز دەکاتەوە و فێری جوانترین وەڵاممان دەکات.
ئـ. پـ
Comments are closed.