هاتنی سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنى بیری نەوتە یان پرسێکی ئەمنی؟

ناوەندی هەواڵەکان

شەوی ڕابردوو سوپای عێراق جوڵەی بە هێزێکی سەربازییەوە بەرەو ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کرد، هێزە عێراقییەکە بەرەو کێڵگەی نەوتی “قەمبەر” جوڵەی پێکراوە و بەپێی خوێندنەوەکان ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کێڵگە نەوتییە، کە کەوتووەتە ناوچەکەوە.

کێڵگە نەوتییەکە دەکەوێتە چوارچێوەی گوندی دوانزە ئیمام لە نێوان سنووری پارێزگای دیالە و سلێمانی دایە، کێڵگە نەوتییەکە لە سنووری هەرێمی کوردستانە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە.

هەندێ زانیاریی بڵاوکراوە هەیە، کە ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەتی عێراق پلانی هەیە، کە ئەو بیرە نەتەوە لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکان و دەبێت هاوشێوەى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکووک بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

باس لەوەش دەکرێت، سوپای عێراق هەوڵ دەدات وا پیشانی بدات، کە بۆ پرسێکی ئەمنی هاتووەتە ناوچەکە، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانج لێی سەپاندنی کۆنترۆڵی حكومەتی فیدراڵییە بەسەر ئەو شوێنە ستراتیژیانەدا، چونکە ئەوە بڕیارە و لەلایەن وەزارەتى نەوتىی عێراق بە چاودێری سەرۆک وەزیران بەڕێوە دەچێت، بەڵام شانەى راگەیاندنى سوپای عێراق وا پیشانی داوە، کە بۆ کێوماڵێکی ناوچەکە جوڵەیان بە هێزەکە کردووە.

هەروەها ئەو زانیاریانەى باسکراون، دەڵێن: حکومەتى عێراق لە سنووری پارێزگای دیالە و نەینەوا و کەرکووک چەندین کێڵگەی نەوتی و گازی و ناوچەی ستراتیژی هەن دەیەوێت بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی هەڵەیە و کاردانەوەى هەرێمی لێدەکەوێتەوە.

ئەگەر جوڵەى هێزەکەى سوپای عێراق بۆ کێڵگە نەوتییەکە بێت، ئەوا کاریگەری خراپی لێدەکەوتەوە و دۆخەکە ئاڵۆز تر دەکات، سەرچاوەکەی ڕۆژنیوزیش دەڵێت: بەغداد دەیەوێت هەژموونی خۆی بسەلمێنێت وەک دەوڵەت، بەڵام ئەگەر بە ژیرانە ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، ئەوا ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە.

كێڵگەكە کەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەکانی یەکێتی و پێشمەرگە چاودێری دەکات، هاوڵاتییانى سنووری گوندەکە ترسیان لێنیشتووە کە ئەمە گرژییانە سەر بکێشێت بۆ شەڕی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆیە هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری پەسەرەسەندنی ململانێی چەکداری، لە یەکێک لە دیارترین ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی كاربەرێكەری هەرێم.

هاوڵاتییانى سنوورەکە، کە قسەیان بۆ بەشێک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کردوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، لە چەند کاتژمێری رابردوودا جموجۆڵی سەربازی نائاسایی لەناوچەكە بینیراوە، بۆیە ترس هەیە قەیرانەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا بچێتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە، ئەگەر لایەنە باڵاکانی بەغداد و هەولێر هەنگاوی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی چەکداری نەنێن.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە ئێستادا هێزەکەى سوپای عێراق و پێشمەرگە لەناوچەکە زۆر لەیەکەوە دوور نین و بەرامبەر یەکتر وەستاون و تا ئێستا هیچ هەوڵێکی بەیەکدادان نەبووە و گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام دۆخەکە پێویستى بە هێورکردنەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزێکی پێشمەرگە شەوی ڕابردوو بەرەو ناوچەکە جوڵەیان پێکراوە.

لەبەرامبەردا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، هیچ جووڵەیەکی تاکلایەنە و نائاسایی لە کەرکووک و دیالە و ئەو ناوچانە ڕووی نەداوە، دۆخەکە زۆر ئاساییە، جموجووڵە سنووردارەکانیش پەیوەندییان بە هیچ دۆخێکی دیاریکراوەوە نەبووە و بە هاوئاهەنگی بوون؛ سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگەش لە شوێنی ئاسایی خۆیاندا جێگیرن.

هاوکات، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختیکردەوە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە بەردەوامن، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هاوبەشدان، هاوئاهەنگیی هاوبەشیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی داهاتوو.

هەروەها شانەى ڕاگەیاندنى عێراق، لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەمنیدا وریا بن و پشت بە سەرچاوەی راستەقینە و باوەڕپێکراو ببەستن، دەڵێت، “هەواڵی ناڕاست بڵاونەکەنەوە، بەتایبەتی لەم هەلومەرجەدا، کە پێویستی بە هاودەنگیی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانە لە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

ئ.م

Comments are closed.