٦٦ ڕۆژە مووچە دابەش نەکراوە و چارەسەرییەکان ئاڵۆزتر دەبن

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمرۆ ٦٦ ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، بەغداد لەسەر داواکارییەکانى خۆی پێداگرە و حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمیش نە داواکارییەکانى بەغداد قبوڵ دەکات نە خۆشی مووچە دەدات.

حکومەتى عێراق جەخت لەسەر سێ داواکارییەکەى خۆی دەکاتەوە، کە ڕادەستکردنى ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوت و ٥٠%ـی داهاتی ناوخۆ و بە بانکیکردنى مووچەخۆرانى هەرێمە، پەیامی ئەمڕۆی حکومەتەکەى سوودانیش بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە بەبێ ئەو مەرجانە مووچە ڕەوانە ناکەن.

دوێنێ شەممە ئەنجوومەنى ئابووری عێراق بە سەرۆکایەتى فوئاد حسێن کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا و یەکێک لە باسەکانى کۆبوونەوەکە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بوو، ئەندامانى ئەنجوومەنەکە زۆر بە توندی لەسەر هەڵوێستەکانى حکومەتى كاربەڕێكەری هەرێم قسەیانکردووە و ڕایانگەیاندووە، کە پابەندی هیچ یاسا و ڕێککەوتنێک نابێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەى ڕۆژنیوز لە سەرچاوەیەکی بەرپرسی کورد لە بەغدادەوە دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە مووچەی هەرێم قسەى کردوە و وتوویەتی: داواکاری ئەوان لە حکومەتى هەرێم ئەوەیە لەو هەموو داهاتەى لە نەوت و ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان دەستی دەکەوێت لە ٥٠%ـی بگەڕێنێتەوە بەغداد، ئەوکات مووچەی خۆی وەردەگرێت، بەڵام هەرێم ئەمە ناکات.

سەرچاوەکە ئەوەشی وت، وەزیری دارایی عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتى هەرێم مانگانە داهاتێکی زۆری دەستدەکەوێت نە ئەوەتا بیگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد نە ئەوەتا بیداتە مووچەخۆرانى خۆی، ئەی کەواتە ئەو هەموو پارەی داهاتەی چی لێدێت و بۆ کوێ دەڕوات.

بەپێی هەندێ زانیاری حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم ئەگەر خۆی مووچە بدات، ئەوا بە نیازە بە لێبڕینەوە مووچە دابەش بکات و هەر مووچەخۆرێک بڕی ٥٠٠ هەزار دیناری پێدات، بەڵام ئەمە تەنیا پێشنیارێکە و تائێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.

تا دێت چارەسەرییەکان بۆ پرسی مووچە قورستر دەبێت، لەلایەک حکومەتى بەغداد سوورە لەسەر داواکارییەکانی و سازش ناکات، لەلایەکی دیکە هەرێم پاشەکشە لە داواکارییەکانى خۆی ناکات و سوورە لەسەر ئەوەى هەموو نەوت ڕادەستى بەغداد نەکات.

ئەنجوومەنى ئابووری عێراقیش هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نیشاندا و هۆشداریی دەدات و دەڵێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان نه‌چێته‌ ژێربارى داواكارییه‌كانى به‌غدادەوه،‌ كه‌ فشارى ئه‌مریكایه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ولێر ڕەووبه‌ڕووى كێشه‌ى ئێجگار گه‌وره‌ ده‌بێتەوە.

‌مووچەخۆران چاویان لەسەر دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێم بوو بۆ ئەوەى بڕیار لەبارەى دابەشکردنى مووچەوە بدات، بەڵام بڕیاری نەدا و رایگەیاند، ئەوانیش وەک مووچەخۆران چاوەڕێی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بڕیارێک لەوبارەیەوە بدات.

بەڵام ڕۆژنیوز زانیاری لەچەند بەرپرسێکی باڵای بەغدادەوە وەرگرتووە، کە چوارچێوەى هەماهەنگی هەڵوێستى خۆی نەگۆڕیوە و داوا لە هەرێم دەکات ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات، کە حکومەتەکەی سوودانی و دادگای فیدراڵی داوایان لێکردووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەمریکا لەچەند لایەکەوە فشار لە هەرێم و بەغداد دەکات تا بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو کێشەیە بهێنن، بۆیە لەژێر فشاری ئەمریکادا دوێنێ ئەنجوومەنى ئابوری عێراق کۆبووەوە، بەڵام هیچ بڕیارێکی نەدا و پێداگیری لەسەر داواکارییەکانی خۆی کردەوە.

بەرپرسانی پەدەکە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر حکومەتى فیدراڵی و بە دووژمن ناویان دەبەن، بەرپرسانى یەنەکەش لەم دۆخەدا بێدەنگیان هەڵبژاردوە و هیچ هەڵوێستێکیان نییە، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنیش بەردەوام هێرش دەکەنە سەر حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم و بەهۆکاری ئەم قەیران و بێمووچەییە تۆمەتباری دەکەن.

سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زۆرینەی کۆمپانیاکان ڕازین بە داواکارییەکانی بەغداد، هەروەها بەغداد داوایکردووە لە هەرێم، کە مووچەی مووچەخۆران تەوتین بکات و ئەگەر هەرێم دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت، راستەوخۆ مووچەی مانگێک دەنێردرێت، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە بێباکیدا پابەندنابێت بە داواکارییەکانی بەغدادەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى عێراق ڕەشنوسێکی نوێی لەسەر پێشنیازەکان ئامادەکردووە و چاوەڕوانی ڕەزامەندی هەرێمە، ئەگەر هەرێم ڕازیبێت بە ڕەشنووسەکەى بەغداد، سێشەممەى داهاتوو حکومەتى عێراق تاوتوێی دەکات.

دوا پەیامی حکومەتى كاربەرێكەری هەرێم ئەوەیە ئامادەیە ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى بەغداد بکات و ٥٠%ـی داهاتی ناوخۆش بداتە بەغداد، بەڵام بەغداد داوای ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوت دەکات، ئەوەش بەربەستی سەرەکیییە لەبەردەم ناردنى مووچە.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەى رۆژی سێ شەممەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقە ئایا بڕیار لەسەر ناردنى مووچە بدات یاخود نا، ئەگەر ئەنجومەنى وەزیران بڕیار نەدات، ئەوا هیچ هیوایەک بۆ ناردنى مووچە نامێنێتەوە و حکومەتى کاربەڕێکەر دەبێت خۆی مووچە بدات.

هـ.حـ

Comments are closed.