وۆرکشۆپی ڕاگەیاندنی “پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان” کۆتاییهات

سلێمانی

لە سلێمانی مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان بە ئامادەبوونی ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوانان بەڕێوەچوو، کە تیایدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ژنان لە پرسی ئاشتی و توندوتیژییەکانی بەردەمیان.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی تەواری شاری سلێمانی، وۆرکشۆپی “پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان” بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، هونەرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و وتەی دەستپێکی مەراسیمەکە لەلایەن شەیدا مەعرووف خوێندرایەوە، پاشان ڕاپۆرتی پلاتفۆرمەکە لەلایەن سارا ڕەزا پێشکەش کرا و تیشکی خستەسەر سیستەمی جیهانی کە بە شێوازێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیزاین دەکرێتەوە و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە هەڵدەوەشێنێتەوە.

هاوکات، لەلایەن دیوانی پلاتفۆرمەکە لەوانە شیرین تەها، ڕووناک مەجید و گوڵستان سەعید ئامانجی پلاتفۆرمەکە خرایەڕوو، درێژە بە گفتوگۆکان درا و تیشک خرایە سەر پرسی ژن و نەتەوەی کورد بە ئامانجی یەکڕیزی و یەکدەنگی ژنان و چارەسەرکردنی ئاستەنگییەکانی بەردەمیان و یەکپارچەیی کورد.

پاشان لە لایەن ئامادەبووان دەستکرا بە خستنەڕووی پێشنیازەکان و ڕاگۆڕینەوەی ئەو پرسانەی کە پەیوەستبوون بە پلاتفۆرمەکە، لە گفتوگۆکاندا ژنان ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربارەی ڕەوشی سیاسی لە باشووری کوردستان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن دەربڕی و داوایان کرد ژنان یەکگرتووبن، بەتایبەت لەناو دیزاینکردنەوەی بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە قوربانییەکان ژنانن، بۆیە جەختکرایەوە لەوەی هەتا ژنان ئازاد نەبن و ڕزگاریان نەبێت لە داگیرکاری و چەوساندنەوە، ناتوانن ژنان یەک دەنگ بن، هەروەها تیشک خرایە سەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی بەتایبەت لە دوای پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەمووان توانا و هێزی خۆیان بکەن بەیەک و جیاواز لە بیر و بۆچوونی ئایدۆلۆژی کاربکەن بۆ دەستهێنانی ئامانجەکانیان.

دوای تەواوبوونی بەرنامەکانی وۆرکشپۆکە بڕیار وایە لە ئەنجامنامەی وۆرکشۆپەکەدا دامەزراندنی “پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان” ڕابگەیەندرێت.

سـ.خـ

Comments are closed.