دەم پارتی: زیادبوونی نادادپەروەرییەکان گەورەترین زیان بە هیوای ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت

ناوەندی هەواڵەکان

دەم پارتی دژی دەستگیرکرنی سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ئەم ئۆپەراسیۆنانە قبووڵ ناکەین کە بە هۆکاری سیاسی ئەنجامدەدرێن، زیادبوونی نادادپەروەرییەکان گەورەترین زیان بە هیوای ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی دەم پارتی، سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دەستگیرکردنی ئەم بەیانییەی زەیدان قەرەلار، سەرۆک شارەوانیی گەورە شاری ئەدەنە، محێدین بۆجەک، سەرۆک شارەوانی گەورە شاری ئەنتاڵیا، عەبدولڕەحمان توتدەرە، سەرۆک شارەوانی سەمسور و ئەحمەد شاهین، جێگری سەرۆک شارەوانیی بویوکچەکمەجە، بەشێکە لەو میکانیزمەی تێیدا بە مەبەستی سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ هەر ئامڕازێکی کارگێڕی دەبرێت.

ڕاشیگەیاند، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێی ئامڕازە نایاساییەکانەوە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک سنووردار دەکرێت، ئیرادەی گەل، مافی هەڵبژاردن و سندووقەکان نادیدە دەگیرێن و فشارەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیەکان بەسیستەماتیک دەکرێن، هەڕەشە بۆ سەر مافی هەڵبژاردن، نەک تەنها پارتە سیاسییەکان بەڵکو هیوای تورکیا بۆ ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتیکیش دەکاتە ئامانج.

دەم پارتی لە بەردەوامیشدا باسی لەوەکرد، ئەوان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە هۆکاری سیاسی ئەنجامدەدرێن و هیچ دەستێوەردانێکی دادوەرییش کە دژی سەروەریی یاسایە، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین.

لای خۆیانەوە، تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی دژی دەستگیرکردنەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای دەست هەڵگرتن لە ستەم دژی کەسانی هەڵبژێردراو دەکەن.

ب. ق

Comments are closed.