ژنانی باشوور: پێویستە لەسەر پرۆسەی ئاشتی کاریگەریمان هەبێت

سلێمانی

ئەندامانی پلاتفۆرمی”یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان” دەڵێن: ئێستا کاتی درووست بوونی شۆڕشی ژنانە و  پێویستە لەسەر پرسی ئاشتی کاریگەریمان هەبێت، هەروەها، داوا دەکەن ژنان وەک چەپکە گوڵێکی ڕەنگاوڕەنگ بن.

ڕۆژی ڕابردوو لە شاری سلێمانی پلاتفۆرمی”یەکێتی ژنانی کورد-باشووری کوردستان” لەلایەن ژنانی چالاکوان، لایەنە سیاسییەکان، هونەرمەندان و نووسەران ڕاگەیەندرا، بە مەبەستی کارکردنیان لەسەر پرسەکانی ژنان و نەتەوە، تا ڕۆڵی پێشەنگایەتی ببینن، لەو بارەیەوە ئەندامانی پلاتفۆرمەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

شەیدا مەعرووف
شەیدا مەعرووف

شەیدا مەعرووف ئەندامی پلاتفۆرمی”یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان” وتی: لە ساڵی ٢٠١٧ دانیشتنێک بە ئامادەبوونی ژنانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستانەوە بە هەموو پێکهاتەکانەوە ساز کرا بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی گەورەی ژنان لە باشووری کوردستان، کە پرسی ژن و نەتەوە بەیەکەوە گرێ بداتەوە، بەڵام بە هۆی ئەو دۆخە سیاسییەی بەسەر چوار بەشەکەی کوردستاندا هات کۆنفرانسەکە دواکەوت، هەر بۆیە پلاتفۆرمی”یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان”مان بەست بۆ ئامادەکاری ئەنجامدانی کۆنفرانسی ژنان هاوشێوەی کۆنفرانسەکانی باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان.

سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی پلاتفۆرمەکە دەڵێت: پلاتفۆرمەکە کار لەسەر پرسی ژن و نەتەوە دەکات، بەڵام پرسی ژن لە پلەی یەکەمدا دەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکان، هەروەها پرسی ئاشتی یەکێکە لە پرسە گرنگەکان و دەمانەوێت بەو ئامانجە ژنان یەکدەنگ بکەین و یەکڕیزی درووست بکەین بۆ ئاشتی، بۆ ئەوەی چیتر جیاکاری نەهێڵین و ئێستا کاتی درووست بوونی شۆڕشی ژنانە، پێویستە ئێمەی ژنان لەسەر چارەسەری پرسی ئاشتی جدی بین و کاریگەریمان هەبێت.

بێخاڵ سابر
بێخاڵ سابر

هاوکات، ئەندامێکی دیکەی پلاتفۆڕمی “یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد-باشووری کوردستان بە ناوی بێخاڵ سابر پێنجوێنی باس لە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە باشووری کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە لە باشووری کوردستان یەکڕیزیی و پشتیوانی کەمە، پێویستە نوێنەری ژن لە هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەبێت تا بارودۆخی کوردستان بەرەو قۆناغێکی باشتر بڕوات و جارێکی دیکە پارچە پارچە نەکرێتەوە و داگیر نەکرێت.

وتیشی: لە ئێستادا ژنان دەبێت خۆیان پشت بە خۆیان ببەستن و توانای خاوەنداری و بەڕێوەبەردنیان هەیە، هەر بۆیە داوا دەکەم وەک چەپکە گوڵێکی ڕەنگاوڕەنگ بین.

وتیشی: ژنان توانای باشترین هەنگاویان هەیە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ناوچەکە و پێشکەشکردنی خزمەتگووزارییە بەسوودەکان، هەروەها دەتوانن پێشەنگایەتی و ڕابەرایەتی بکەن بۆ بەرەپێشبردنی کوردستان لە کاتێکدا بە قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی تێدەپەڕێن.

سـ.خـ

Comments are closed.