ناوەندی هەواڵەكان
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی بەغداد الیومی ڕاگەیاندووە، دانوستانەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر دۆسێیەی مووچە، نەوت و داهاتەكان چووەتە قۆناغی كۆتایی، ئەمەش دەرگای ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە دەكاتەوە، كە هەردوولا لەمێژە چاوەڕوانی دەكەن.
ماڵپەڕی بەغداد الیوم لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە سەبارەت بە ناوەڕۆكی دانوستانەكانی نێوان بەغداد و هەولێر بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی بەغداد و هەولێر لە سەر دۆسێیەی مووچە، نەوت و داهاتەكان گەیشتووەتە قۆناغی زۆر پێشكەوتوو، لە ئێستادا دەخرێتە سەر كاغەز بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی.
وتیشی، ڕێككەوتنە چاوەڕوانكراوەكە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەخۆدەگرێت، لە بەرانبەر پابەندبوونی هەولێر بە ڕادەستكردنی داهاتەكان بە حكومەتی فیدراڵی، هەروەها یەكلاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا ڕەشنووسی كۆتایی پەسەند بكرێت، عێراق لە دانیشتنی داهاتووی ڕۆژی سێشەممەدا پەسەندی دەكات، دوای ئەوە مووچەی فەرمانبەران بە فەرمی خەرج دەكرێت.
جێگای ئاماژەیە، وەزارەتی دارایی عێراق لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، مووچەخۆران هەرێم زیاتر لە ٦٥ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
هـ.ئ
Comments are closed.