کێ بەشداریی هەنگاوە مێژووییەکەی گەریلا دەكات؟

ناوەندی هەواڵەکان

ئەو هەنگاوە مێژووییەی گەریلاکانی ئازادیی، کە لە هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بە دەیان لایەنی سیاسی، کۆمەڵە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یاسایی و ڕۆژنامەنووسان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەشداریی تێدا دەکەن.

چاوی هەموو جیهان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم هەفتەیەی “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـە، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا، کە بۆ چارەسەریی پرسی کورد دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ناوچەکە دەستی پێکردووە، ئامادەکارییەکان بۆ درووستکردنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامە، لەلایەکی دیکەش لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی لەلایەن گەریلاکانی ئازادییەوە دەنرێت.

وا چاوەڕوان دەکرێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوێكی دیکە بنێت و بانگەوازییەک لە گەریلاکانی ئازادیی بکات، پاش ماوەیەکی کورت لەلایەن گرووپێکی گەریلاوە مەراسیمێکی لەناوبردنی چەک ئەنجام بدرێت، باس لەوە دەکرێت، کە لەناو گرووپەکەدا تێکۆشەری بەڕێوەبەرییشی تێدایە، هێشتا کاتی ئەنجامدانی مەراسیمەکە نەزاندراوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت، کە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە مەراسیمەکە ئەنجام بدرێت.

پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە مەراسیمەکەی گرووپەکەی گەریلا ڕاگەیاندراوێکی گرنگی بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەدراوە، کە ژمارەیەک ڕۆشنبیر و نووسەر لە ڕێگەی دەم پارتییەوە بەشداری مەراسیمەکە دەبن، هەروەها بە مەبەستی ڕووماڵکردنی مەراسیمەکە داوای لە ڕۆژنامەنووسان کردووە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

مەراسیمەکە بە پەخشی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە کوردستان، تورکیا و چەندین وڵاتی دیکەوە بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکرێت.

بەشداربووان لە هەرێمی کوردستان

بەپێی سەرچاوەکان ژمارەیەک سیاسەتمەداری یەنەکە، پەدەکە و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکەن.

لایەن و ڕێکخراوە و ناوەندەکانی دیکە لە باکووری کوردستان و تورکیا

زانراوە، کە چەندین هاوسەرۆکی گشتیی و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرییەکانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) چاودێری مەراسیمەکە دەکەن.

هەروەها چەندین پارتی سیاسیی لە چوار بەشی کوردستان و تورکیا، ڕێکخراوەکانی بواری یاسایی و پارێزەران، ڕێخکراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، ڕێکخستنەکانی ژنان و عەلەوییەکان، خانەوادەی قوربانییانی ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژییەکانی دیکە و دایکانی ئاشتی و دەیان نوێنەری گەلە جیاوازەکانی ناوچەکە چاودێری مەراسیمەکە بکەن.

ب. جـ

Comments are closed.