سەکۆیەك بە ئامانجی داواكاریی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان لە سلێمانی ڕاگەیەندرا

سلێمانی

ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی لەلایەن شەش ڕێکخراوەوە سەکۆیەک بە ناونیشانی ‘سەکۆی شکۆی کەمئەندامان، ڕاگەیەندرا بە ئامانجی داواکردنی مافە ڕەواکانی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و لەوبارەوە سەرۆكی كۆمەڵەی ڕۆژ ڕایگەیاند: قەیرانی نەبوونی مووچە و خراپی دۆخی دارایی و تەندرووستی و کۆمەڵایەتی خاوەن پێداویستییە تایبتەكانی هەراسان كردووە.

ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، لە ایەن شەش ڕێکخراوەوە سەکۆیەک بۆ داواکارییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ڕاگەیەندرا و لە گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لەلایەن ئەحمەد یەحیا سەرۆكی كۆمەڵەی ڕۆژ خوێندرایەوە.

ئەحمەد یەحیا ڕایگەیاند: وەک ئاشکرایە کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان  و عێراق توێژێکی دیار و لە بیرکراوی کۆمەڵگەن، قەیرانی نەبوونی مووچە و خراپی دۆخی دارایی و تەندرووستی و کۆمەڵایەتی هەراسانی کردوون.

باسی لەوەشكرد: لەگەڵ ئەوەشدا ئەم توێژە هەمیشە پڕ هیوا و خاوەن توانا بوون، هەمیشە لە هەموو قۆناغەکاندا خەمخۆر و پشتیوانی سەرجەم پرۆسە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم هەرێمە بوون، بۆیە سەکۆی شکۆی خاوەنپێداویستی تایبەتمان بەکۆی دەنگ ڕاگەیاند.

وتیشی: ئەم سەکۆیە بانگ لە هەموو لایەک دەکات بۆ یەکگرتووی داکۆکی کردنی کۆدەنگیانە لە مافە ڕەواکانی توێژەکەمان.

ئەوەشى خستەڕوو، ئەو ڕێکخراوانەی بەشدارییان كردووە لە دامەزراندنی ئەم سەكۆیە شەش ڕێکخراون، كە بریتین لە :-

یەكەم- ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕۆژ بۆ  کەمئەندامان

دووەم- ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەت

سێیەم- ئەندریا بۆ مافەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت

چوارەم- ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆی

پێنجەم- پەروەردەی هاوچەرخی کورستان

شەشەم- ئاشابی مرۆی

ئ.م

Comments are closed.