کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی برێکس بەڕێوەدەچێت

ناوەندی هەواڵەکان

میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی برێکس لە شاری ڕیۆ دێ جانیرۆی پایتەختی بەڕازیل دەستپێبکات، جگە لە هەماهەنگی لە بوارەکانی ئابووری و ئاسایش، بڕیارە سیاسەتی نوێی دۆناڵد ترەمپ و سەپاندنی گومرگ بەسەر هەناردەی وڵاتان بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا، تەوەرێکی سەرەكی کۆبوونەوەکان بێت.

میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی برێکس لە پایتەختی بەڕازیل دەستپێبکات، کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبن.

دەشڵێن، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا، جگە لە دۆسییەکانی ئابووری و بازرگانی و ئاسایشی جیهانی، سیاسەتی نوێی گومرگی ئەمریکا و ئاستەنگکردنی بازاڕەکانی جیهان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەمریکا، بابەتێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی برێکس دەبێت.

باس لەوەشكراوە، کۆبوونەوەی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانی ڕابردوو، بە ڕێکكەوتنی پێشوەختەی وڵاتانی ئەندامی برێکس لەسەر هەندێ دۆسییەی جیهانی دەستپێدەکات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وڵاتانی ئەندام دەربارەی هەندێک پرس ڕێکكەوتوون، لەوانە پشتیوانیکردنی هەردوو وڵاتی هندستان و بەرازیل بۆ نوێنەرایەتی کیشوەرەکانی خۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش.

ئەوەش هاتووە، دەربارەی نوێنەرایەتی کیشوەری ئەفریقا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و لێدوانی برێکس دەربارەی جەنگی غەزە نەگەیشتوونەتە ڕێکكەوتن و ئەو دوو پرسە بە کراوەیی هێڵدراونەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، کۆمەڵەی برێکس لە ١٠ وڵاتی ئەندام پێکهاتووە، کە بریتین لە ڕووسیا، چین، هیندستان، باشووری ئەفریقا، بەرازیل، میسر، ئیمارات، ئەسیوبیا، ئێران و ئەندەنوسیا، هەروەها وڵاتانی هەماهەنگ لە کۆمەڵەکە بریتین لە بیلاڕوسیا، کوبا، کازاخستان، ڤێتنام و سعودییە.

نـ.مـ

Comments are closed.