ناوەندی هەواڵەكان
ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند، بزوتنەوەكەیان بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و هەرچەشنە ئاساییكردنەوەیەكی پەیوەندی لەگەڵیدا ڕەتدەكاتەوە.
نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان سەبارەت بە هەڵوێستی بزوتنەوەكەیان لەبارەی داواكاری ئەمریكا و ڕادەستكردنی چەكەكانی وتارێكی پێشكەش كرد.
نەعیم قاسم ڕایگەیاند: بەرگری بەردەوام دەبێت، چونكە پێمانوایە ڕزگاری ئەركێكە، گرنگ نییە چەند كات بخایەنێت و قوربانییەكان چەند بن، ئیسرائیلییەكان هێشتا هێرش دەكەنە سەرمان و خاكمان داگیر دەكەن، ئێمەش ناتوانین ڕادەستی ئەم دەستدرێژییە بین.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان بە بەرگریكردن لە لوبنان ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە، ئەم بەرگرییەش بەردەوام دەبێت ئەگەر هەموو جیهان یەكبگرن، لە كاتێكدا ئیسرائیل بەردەوامە لە دەستدرێژییەكانی، چۆن چاوەڕێی ئەوە دەكەن ئەوان بووەستن، بۆیە دەڵێت: ئێمە ناتوانین ئەوە قبوڵ بكەین؟
سەبارەت بە ڕادەستکردنى چەکەکانیان، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان دەشڵێت: ئەگەر بەرگرییان نەبووایە، ئیسرائیل گوند و شارۆچكەكانی لوبنانی داگیر دەكرد، ئێمە سەرمان سوڕماوە لە داواكاریی ڕادەستكردنی چەك و مووشەكەكانمان، كە بناغەی تواناكانی بەرگریمانە، هاوكات دوای تەواوكردنی قۆناغی جێبەجێكردنی ئاگربەست، ئامادەین بۆ گفتوگۆ.
نەعیم قاسم بە ناوی حزبوڵاوە جەختیکردەوە کە ئامادەن بۆ هەردوو بژاردەی ئاشتی بۆ بنیاتنانی وڵات، جێبەجێكردنی زۆرترین هاوكاری لە پێناو سەقامگیریدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریش ئامادەن.
هاوکات باسی لەوەشكرد، فەڵەستین بۆ گەلەكەی دەمێنێتەوە و دڵنیان لە ڕزگاربوونی ئەو وڵاتە و هەمیشەش پشتیوانى دەکەن بە ڕێككەوتنی ئاگربەست، دەشڵێت: بڕیار بوو دەستدرێژی ئیسرائیل بوەستێت، بەڵام بە پشتیوانی ئەمریكا پێچەوانەكەی ڕوویدا.
لە درێژەى قسەکانیدا نەعیم قاسم دەشڵێت: ناكرێت داوامان لێبكرێت هەڵوێستەكانمان نەرم بكەینەوە یان چەكەكانمان دابنێین لەكاتێكدا دەستدرێژی بەردەوامە، بۆیە دەبێت ئیسرائیل قۆناغی یەكەمی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكات بە كشانەوە و ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان .
جێگای ئاماژەیە، سەرەڕایی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان حزبووڵای لوبنان و ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر ئەو گرووپە و لوبنان، لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە سەركردە و ئەندامانی ئەو گرووپە دەكاتە ئەنجام.
هـ.ئ
Comments are closed.