لە یەک شەودا ٧٠ گەنجی قەڵادزێ ڕوویان لە ئەورووپا کردووە

قەڵادزێ

ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، تەنها لە یەک شەودا لە شارۆچکەی قەڵادزێ ٧٠ گەنج ڕوویان لە ئەوروپا کردووە، دەشڵێن: هۆكاری كۆچی گەنجانی سنوورەكە بۆ بێباکی حکومەت، نەبوونی هەلی كار و بێمووچەیی دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی قەڵادزێ، لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕینى سەر بە پارێزگاى سلێمانى ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین، سەبارەت بە دووبارە کۆچکردنی گەنجان بە ڕیژەیەکی زۆر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا.

ئەحمەد حەسەن
ئەحمەد حەسەن

لەوبارەیەوە ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لەم دەڤەرەدا دیسان کۆڕەوێکی دیکەی گەنجان دەستی پێکردووەتەوە، تەنها لە یەک شەودا لە شارۆچکەی قەڵادزێ ٧٠ گەنج ڕوویان لە ئەوروپا کردووە، بە جۆرێك لە ڕیگایەکی زۆر مەترسیدارەوە كۆچ دەكەن، كە لیبیایە.

وتیشی: بە بەرچاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە فڕۆکەخانە و سنوورەکانەوە ئەو هەموو گەنج و مێرد منداڵە دەڕۆن، بەبێ ئەوەی بپرسن بۆچی و لەبەر چی و بۆ کوێ، لە کاتێکدا ناکرێت ئەم سامانە نیشتیمانییە ئاوا بە ئاسانی هەناردەی دەرەوە بکەین و خۆمان بێ وزە بهێڵینەوە، بۆیە داوا لە هەموو لایەن، دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و مامۆستایانی ئاینی دەکەم، بە گرنگییەوە باس لە مەترسییەکانی ئەم کۆچە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە چاوێک بەم دەڤەرەدا بخشێنێتەوە و خزمەتێک بەم ناوچەیە بکرێت وەکو شارەکانی دیکە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی چەند پرۆژەیەکیشەوەبێت سەدان هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت، چونكە ئەم کۆچە کاریگەری زۆری هەیە لە سەر سنورەكەمان.

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا و و بەتایبەت مانگی ڕابردوو ، لە ڕێگای لیبیاوە، هەفتانە زیاتر لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ گەنج کۆچدەکەن بەهۆی کردنەوەی ئەو ڕێگایانەوە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم ئاوڕێک لەم دەڤەرە و گەنجانی بداتەوە و چیتر نەکرێن بە قوربانی، بۆ ئەوەی جارێکیتر دووچاری ئەو کارەساتانەی ساڵانی ڕابردوو نەبینەوە، کە دەکرێت بڵێین بێکاری و نەدانی مووچە هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجانن.

ئ.م

Comments are closed.