ناوەندی هەواڵەكان
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، هەوڵێكی مەترسیدار لەلایەن حەماسەوە بۆ دزەكردنە ناو بنكەیەكی سەر بە یەكەی ٨٢٠٠ كە هەستیارترین لقی هەواڵگری سوپای ئیسرائیلە، پووچەڵكرایەوە، حەماس ویستوویەتی لە ڕێگەی گرێبەستی خزمەتگوزاری پاككردنەوەی كۆمپانیایەكی مەدەنی ئەو كارە بكات.
ڕۆژنامەی هایۆمی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە سەربازییەكانی وڵاتەكەیەوە سەبارەت بە شكستپێهێنانی هەوڵێكی حەماس بۆ دزەكردنە ناو دەزگایەكی هەواڵگیری ئیسرائیل، ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.
ڕۆژنامەكە بڵاوی كردەوە، سوپای ئیسرائیل بەڵگەنامەیەكی لەناو كەرتی غەزەدا دۆزیوەتەوە، كە وردەكاری پلانی حەماس بۆ بەكارهێنانی تەندەرێكی گشتی بۆ بەكرێگرتنی كۆمپانیایەكی پاككەرەوە لە دامەزراوەیەكی یەكە هەواڵگیرییەكانیدا خستووەتەڕوو.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكان، حەماس ئەم تەندەرەی وەك خاڵێكی چوونە ژوورەوە بۆ بنكەیەكی سەر بە یەكەی ٨٢٠٠ ـی هەواڵگری و دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوەكە بەكارهێناوە.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە دەشڵێت: دوای دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامانە، سەركردایەتی سەربازی فەرمانی ڕاگرتنی دەستبەجێی تەندەرەكەی دەركرد و كۆمەڵێك ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ بەهێزكردنی ڕێكارەكانی ئاسایشی ئەلیكترۆنی و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلكارییانە، لەوانە توندكردنەوەی كۆنترۆڵی بڵاوكردنەوەی زانیارییەكانی پەیوەست بە سایت و دامەزراوە سەربازییەكان بە شێوەی ئۆنلاین.
یەكەی ٨٢٠٠ بە ڕۆڵی سەرەكی لە ئۆپەراسیۆنەكانی سیخوڕی ئەلیكترۆنیدا ناسراوە و ڕۆڵی لەناو سوپای ئیسرائیل بەراورد دەكرێت بە ڕۆڵی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا (NSA).
ئەم یەكەیە لە ساڵانی ڕابردوودا دەستكەوتی هەواڵگری بەرچاوی بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان هەبووە، سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی، كە لە دوای شكستهێنانی لە ئاشكرا نەكردنی هێرشەكانی ٧ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ئاراستەی كرا.
هـ.ئ
Comments are closed.