شاندی ئیمرالی دەم پارتی دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دا

ناوەندی هەواڵەکان

شاندی ئیمرالی دەم پارتی، دیدارێکی دوو کاتژمێر و نیوی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دا، شاندەکە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاودەکاتەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل پێکدەهات، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد.

کەمێک پێش ئێستا، شاندەکە لە دوورگەی ئیمرالی گەڕایەوە و ماوەی دیدارەکەیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دوو کاتژمێر و نیوی خایاند.

وا باس دەکرێت، کە شاندەکە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ڕاگەیاندراوێکی نووسراو بڵاو بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندراوێکی مێژوویی بڵاودەکاتەوە و دواتر شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، هەروەها لەلایەکی دیکەوە لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گرووپێکی گەریلاکانی ئازادیی لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا ژمارەیەک چەک لەناودەبەن.

هەریەک لە ئەندامانی شاندی ئیمرالی “پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل” پێشتر لە ١٨ـی ئایار سەردانی دوورگەی ئیمرالییان کردبوو و دیداریان ئەنجام دا، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەدابوو، پێویستی بە پەیمانێكی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە.

لە کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر چارەسەر پرسی کورد تا ئێستا، شاندی ئیمرالی دەم پارتی شەش جار سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردووە و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیداری ئەنجام داوە.

ب. جـ

Comments are closed.