چەمچەماڵ
لە گوندی قرخ سەر بە شارەدێی شۆڕش لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە هۆکارێکی نادیار نزیکەی پێنج هەزار ماسی لەناوچوون، هاوڵاتییانی گوندەکەش گوومانی ئەوە دەکەن ژەهر خوارد کرابن، بەڕێوەبەری شارەدێی شۆڕش هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دەکات و دەڵێت: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێندراوە.
گۆماوێکی گوندی قرخ لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ گۆماوێکی گەورە هەیە، کە چەمێکی دەڕژێتە ناوی و سەدان هەزار ماسی تێدایە، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆکارێکی نادیار نزیکەی “پێنج” هەزار ماسی لەناوچوون، تا ئێستا بە ڕوونی هۆکارەکە دیار نییە.

قاسم تەها گەنجێکی دانیشتووی گوندی قرخە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەم کارە جێگەی قەبووڵ کردن نییە، چونکە کوشتنی بەکۆمەڵی ماسییەکان ئەنجامدراوە، ئەم کارە بەدەرمانێک ئەنجامدراوە، ئەو دەرمانەش بۆ شۆردنەوەی ئاژەڵەکان بەکاردێت، چونکە ئەم گۆمە ئاوە نزیکەی هەشت مەتر قووڵە ئەو قسەیە ڕاست نییە بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە ماسییەکان لەناوچوون، نزیکەی ١٠٠ مەتر دوورتر لێرەوە گۆمێکی دیکەی لێیە هەشت مەتر قوڵاییەکەیەتی پڕە لەماسی و هیچ کێشەیەکی نییە.
ئەو هاوڵاتیە ئاماژەى بەوەشکرد، سەرەڕای تێکردنی ژەهر لەو گۆمە ئاوە لە گوندەکانی سەرەوە کە دەکەونە سەر زێی باسەڕە ئاوەکەی بۆ مەرەزە و چاندنی برنج و ئەنجامدانی دانەوێڵە بەکار دێنن، کە ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی ئاژەڵداران، چونکە ئێمە لە ڕابردوودا ئاوی ئەو گۆمانەمان بۆ ئاودانی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵەکانمان بەکار دەهێنا، بەڵام ئێستا ڕێگە نادەین ئاژەڵەکەنمان لەو گۆمە ئاوە بخۆنەوە، بەهۆی گومانی بوونی ژەهر لە ئاوەکەدا.

هێرش قادر هاوڵاتییەکی شارەدێی شۆڕشە و دەڵێت: ئەوەی ڕوویداوە نە لە ڕووی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و نە لە ڕووی مرۆڤایەتیەوە قابیلی قبوڵ کردن نییە، هەرکەس هەستابێ بە ژەهر خستنە ناو ئەو گۆمە ئاوەوە لە دونیا و دواڕۆژدا بەرپرسیار دەبێت.
ئەو هاوڵاتییە باس لەوە دەکات، لەناوچوونی ئەو ڕێژە زۆرەی ماسی لەم گۆمە جێگەی گومانە و داواکارە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکەن.
هاوتا عەزیز، کە بەڕێوەبەری شارەدێی شۆڕشە لەسەر ئەو کێشەیە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی لەناوچوونی ڕێژەیەکی زۆری ماسیمان بیست، کە ئەمە زیانی گەورەی لەسامانی ماسی چەمچەماڵ داوە، پاش بیستنی هەواڵەکە دەستبەجێ لەلایەن قائیمقامی چەمچەماڵەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا، بۆ لێکۆڵینەوە

لە دۆخەکە.
بەڕێوەبەری شارەدێی شۆڕش ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی لێکۆڵینەوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، ئەمرۆ لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە نموونەی ماسییەکان ڕەوانەی تاقیگە دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆکاری لەناوچوونی بەکۆمەڵی ماسیەکان، تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دەستگیر کردن و بەدادگایی گەیاندنی تاوانباران.
هـ.حـ
Comments are closed.