ناوەندی هەواڵەکان
مەکەگە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا حەوت ژنە ڕۆژنامەنووس دەستبەسەرکراون و دوو ڕۆژنامەنووسیش زیندانیکراون.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا- مەکەگە، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە مانگی حوزەیراندا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە مانگی حوزەیران درێژەی هەیە، کاری ڕۆژنامەنووسی بە تاوان دەزانرێت و بەو بۆنەوە ڕووبەڕووی فشارەکان دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، لەم مانگەدا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان دەستبەسەرو زیندانی کراون و یەکێک لە ڕووداوە دیارەکانی ئەم مانگە هەڕەشەکردن بووە بۆ سەر پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا زەینەب دورگوت سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی لەسەر کەیسێکی تاوانکار، زەینەب دورگوت لەلایەن ئەو کەسانەی ناویان لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هەڕەشەی لێکراوە و ئەم دۆخە دیسان بووەتە مەترسی لەسەر ڕۆژنامەنووسان.
لە بەردەوامیشدا مەکەگە باسی لەوەکردوە، لە پێشێلکردنەکانی ئازادیی بیر و ڕادەربڕیندا، ژمارەی ئەو دۆسێیانەی، کە لە دژی ڕۆژنامەنووسان کراونەتەوە، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە و دادگاییکردنەکان دەریدەخات، کە دەسەڵاتی دادوەری ڕۆژنامەگەری وەک ئامێرێکی گوشار بەکاردەهێنێت و هەرجۆرە چالاکیەک لەو بارەوە بە تاوان دادەنێت، بۆیە ئەمە نیشان دەدات، کە ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی سیستماتیک رێگری لێدەکرێت.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە، لە بواری مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، لە کاردەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی، کە بۆ دەنگی ئەمەریکا کاردەکەن، جارێکی دیکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕۆژنامەنووسان دروستدەکات.
مەکەگە لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەی تیشک دەخاتە سەر، پێویستی پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەتی لەبواری سەلامەتی، ئازادیی ڕادەربڕین، مافی کارکردن، هەروەها کۆتاییهێنان بە ئاستەنگییەکانی بەردەم مافی ڕۆژنامەنووسان لە دروستکردنی ڕاپۆرتەکان و کۆتاییهێنان بە لێپرسینەوە و پێشێلکاریی مافەکانیان.
باسی لەوەشکردوە، هێرش کراوەتە سەر دوو ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ ڕۆژنامەنووس و حەوت ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، دوو ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون، دوو ڕۆژنامەنووس مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ کراوە، هەڕەشە لە سێ ڕۆژنامەنووس کراوە، ڕێگری لە دوو ڕۆژنامەنووس کراوە لێپرسینەوە بۆ دوو ڕۆژنامەنووس کراوەتەوە و دوو ساڵ و مانگێک زیندان بۆ ڕۆژنامەنووسێک دەرکراوە، دوو دۆسێیە، کە لە دژی ١١ ڕۆژنامەنووس کراوەتەوە بەردەوامە، حەوت ڕۆژنامەنووس زینداندان کراون، مافی کاری ڕۆژنامەنووسێک لێ سێندراوەتەوە و مۆڵەتی ڕۆژنامەنووسێک بەتاڵ کراوەتەوە.
ب. ق
Comments are closed.