گارە
ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە دامێنی چیای گارە لە سنووری شارەدێی دێرەلوکی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی کەوتەوە و تا ئێستا هیچ تیمێکی پەیوەندیدار بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەچوونەتە ناوچەکە.
سەرچاوەیەکی هەرێمیی لە گوندی مەهیدی دامێنی چیای گارەی سەر بە شارۆچکەی ئامیدی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئاگرێک لە دامێنی چیای گارە کەوتووەتەوە و بەهۆی بوونی پوشوپاوانی زۆری وشکبووەوە، بە خێرایی لە تەشەنەسەندندایە.
ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەمڕۆ هیچ دەنگێکی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای داگیرکەری تورک لە ناوچەکەدا نەبیستراوە، کە ببێتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر.” لەبەر ئەمەش گومان دەکەین کە یان بەهۆی دەستی ئەنقەستەوە بووە یان هۆکارێکی تر.
ئاگرەکە ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە پوش و پاوانی ناوچەکە گرتووەتەوە و مەترسیی لەسەر ژینگەی ناوچەکە و ڕەز و باخی هاوڵاتییان درووستکردووە.
هاوکات، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ تیمێکی بەرگریی شارستانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نەگەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی، لە کاتێکدا ئاگرەکە لە تەشەنەسەندنی بەردەوامدایە.
چیای گارە یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە بۆردوومان دەکرێت و جموجوڵی سەربازیی تێدا ئەنجام دەدرێت، زۆرجار بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە ئاگر لە دارستان و ژینگەی ناوچەکە دەکەوێتەوە و زیانێکی زۆر بە سامانی سروشتی و ژیانی هاوڵاتیان دەگەیەنێت.
ب.گ
Comments are closed.