تەنها لە یەک ڕۆژدا لە سووریا نۆ کەس کوژران

ناوەندی هەواڵەکان

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سووریا نۆ کەس بە ڕووداوی جیاواز کوژراون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر)، سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سووریا كوژراون ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

 لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە، گرووپێک چەکدار هێرشیان کردە سەر گوندی شەهیبی حەما و لە ئەنجامی هێرشەکەدا گەنجێک کوژرا، لە مارەت ئەل جەلەلی حەما لە ئەنجامی گولـلەباراندا کەسێک لە نێو زەوی و زاری کوشتوکاڵییدا کوژرا، هەروەها لەسەر ڕێگەی شەتحە-عەین کروم لە ئەنجامی گولـلەباراندا گەنجێک و منداڵێکی کچ کوژران.

سۆهر ڕاشیگەیاند، لەسەر ڕێگەی ئەسریا- خناسری ڕۆژهەڵاتی حەما، لە هێرشێکدا لە دژی ئۆتۆمبێلێکی سەربازییدا ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری حکومەت کوژرا، لە دارستانی نەمرای شەهبا سوەیدا تەرمی خوێندکارێکی زانکۆ دۆزراوەیەوە کە شوێنی گولـلە بەسەر جەستەوەیەتی، لە گوندی عەقارب سافیەی ڕۆژهەڵاتی حەما گەنجێک لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا.

ڕوانگەکە لە کۆتایشدا دەڵێت: لە گەڕەکی موهاجرینی شاری حومس گرووپێکی چەکدار بەهۆی ناکۆکی لەسەر چۆڵکردنی ماڵێک کەسێکیان کوشت، لە شارۆچکەی ناهتەی ڕۆژهەڵاتی دارا گەنجێک لە ئاهەنگێکدا بە تەقەی هەڕەمەکی کوژرا.

ب. ق

Comments are closed.