ناوەندی هەواڵەکان
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتیمۆغولاری و شاندی یاوەری، سەردانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەلیان کرد و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و کودەتای سیاسیی و دەستبەسەرکردنەکانیان ئیدانە کرد.
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتیمۆغولاری و شاندی یاوەری، سەردانی ناوەندی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یان کرد، پاشان لەگەڵ سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتیمۆغولاری تیشکی خستەسەر گرتن و دەستبەسەرکردنەکان و وتی: “کودەتایە دژی ئیرادەی گەل”. داوای کرد هەموو ئەو کەسانە دەستبەجێ ئازادبکرێن، دووپاتی کردەوە ئەم ئۆپەراسیۆنانە درێژەدانە بە زیهنییەتی قەیوم و وتی: “ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سیاسییە، ئەگەر بانگەشەیەک سەبارەت بە گەندەڵی هەیە، ئەگەر لەم ڕووەوە بەڵگەیان هەیە، دەتوانن لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن”.
تولای حاتیمۆغولاری داوای کرد، کۆمیسیۆنێک پێکبهێنرێت، دادگایەکی سەربەخۆ هەبێت کە نەک تەنها بەرامبەر شارەوانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو بەرامبەر شارەوانییەکانی دەسەڵاتیش، لێکۆڵینەوە دەست پێ بکات. وتیشی: “پێشنیار دەکەم لێکۆڵینەوە بەرامبەر ئەو شارەوانییانەش بکەن کە قەیومی لەسەر دانراوە، کاتێک لە ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی دەڕوانین، دەبینن کە قەیومەکان چەندێک گەندەڵی دەکەن”.
تولای حاتیمۆغولاری ڕایگەیاند، لە ئێستادا باس لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و چارەسەری پرسی کورد، وتی: “لە پڕۆسەیەکدا کە باسی ئاشتی دەکەین و چەکەکان بێدەنگ دەکرێن، ئێمە بەم پرسانەوە سەرقاڵین و دەبینە شایەتحاڵی ئەم ئۆپەراسیۆنانە. ئەمە هیچ بۆ کۆمەڵگەی تورکیا باش نییە. کۆمەڵگەی تورکیا لێمان دەپرسێت، ئایا ئاشتی کۆمەڵایەتی وەها دەبێت، دیموکراسی وەها دەبێت، دیموکراتیکبوون وەها دەبێت، بەتایبەت دوێنێ بە ئۆپەراسیۆنەکان دژی سێ شارەوانی، ئاستی ئەم پرسیارانە مەزنتر بوو”.
ب.گ
Comments are closed.