حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان: دژی دەستدرێژیەکانی تورکیا بوەستنەوە

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئیدانەی دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و داوا لە جەماوەر دەکات لە بەرامبەر بە دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە دەست پێشخەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، گردبوونەوەیەک بۆ قوربانیانی بۆردومانەکەی هاوینەهەواری پەرەخ لە سنوری ئیدارەی زاخۆ ئەنجامدرا و داوایان کرد جەماوەر دژی دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستنەوە.

 مەحمود حەلاق، بەیاننامەی ئەو حزبەی خوێندەوە، تیادا هاتبوو: هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هەر پاساوێکی هەبێ، تەنها لە پێناو فروانکردنەوەی ناوچەی نفوز و دەسەڵاتی خۆییدایە لە ناوچەکەدا، لەو پێناوەشدا ئامادەیە گیانی سەدان و هەزاران خەڵکی مەدەنی بکاتە قوربانی و ژیانیان لە فەزای عەسکەرتاریەتدا ڕابگرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی ئەو حزبەدا ئاماژە بەوەشکرا: تاوانە ئاشکراکانی ئەم دەوڵەتە هەوسار پچڕاوە  فاشیستە بەردەوام بە بەرچاوی هێزەکانی ئەمریکاو دەزگاکانی نێودەوڵەتی وەکو نەتەوە یەکگرتوەکان و هەردوو دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و هەرێمەوە ڕوو دەدات.

ها-غ

Comments are closed.