کەس و کاری شەھیدان: ڕاپەڕین تەنیا بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو بەخێر

ڕانیە

کەس و کاری شەهیدان لە سنوری ئیدارەى ڕاپەڕین نیگەرانن لەوەى کە تائێستا ئامانجەکانى ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون و دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان هیچ ئاوڕێکیان لە خەڵک نەداوەتەوە، بۆیە داوا لە لایەنەکان دەکەن کە بەرژەوەندی خۆیان بخەنە لاوە و ئیتر لە خەمی خەڵکدابن، و دەشڵێن: با سەردانی ماڵی شەهیدان بکەن، ھەندێک ماڵە شەھید ھەیە  خۆراک و نەوتیان نییە و خاوەنی ھیچ شتێک نین.

ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، لە ٥ی مانگی ٣ی ١٩٩١ لە شارۆچکەى ڕانیەوە بە ژن و پیاوەوە لە دژی ڕژێمی بەعس دەستى پێکردو لەماوەی چەند ڕۆژێکدا هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، دواتر سەرجەم ناوچەکانى باشووری کوردستان لەدەستى ئەو ڕژێمە داپڵۆسێنەرە ئازادکرا، ڕاپەڕینەکە چەند ئامانجێکی هەبوو کە گرنگترینیان ئازادی خەڵک و گەیشتن بە ژیانێکى خۆشگوزەران و مافە سەرەتاییەکانى ژیان، بەڵام وەک هاوڵاتیان دەڵێن، تا ئێستا ئەو ئامانجانە نەهاتوونەتە دی.

لە مەراسیمى ساڵیادی ڕاپەڕین لە شارۆچکەى ڕانیەى ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، مامەڵەی کوڕێکی شەهید سەرنجی هەمووانى بەلای خۆیدا ڕاکێشا کاتێک کوڕی یەکەم شەھیدی ڕاپەڕین وەک ناڕەزایتیەک لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، وێنە و ناوی باوکی لەسەر تابلۆی شەھیدانی مۆنۆمێنتى ڕاپەڕین لێکردەوە، ئەو دەڵێت: باوکم یەکەم شەھیدی ڕاپەڕینە لای من زۆر گەورەیە و نامەوێت بەو شێوەیە بچوکی بکەنەوە.

سەعدون عەبدوڵا

سەعدون عەبدوڵا بۆ ڕۆژنیوز وتى: ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەھاتوون، بگرە ئەگەر شەھیدەکانمان بیانزانیایە ڕاپەڕین ئاوای لێ دێت نەیان دەکرد، بەڵام تازە ڕۆیشت و نایەنەوە و خوێنیان بە فیڕۆ ڕۆیشت، ڕاپەڕین تەنیا دەسەڵاتی لە عەرەبەوە گۆڕی بۆ کورد، ئەمان لە سەدام زۆر خراپتریان کرد.

کوڕی ئەو یەکەم شەهیدەى ڕاپەڕین باس لەوە دەکات، ئیدی بەسە ئەم دەسەڵاتە با لەمەودوا بەرژەوەندی خۆیان بخەنە لاوە، خزمەت کردنی ھاوڵاتیان لە پێش بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە بێت، ئێوە بەشی خۆتان پەیداکرد بەشی ھاوڵاتیانیش بدەن.

هاوکات ئەدیبە عەلی، یەکێکێ دیکەیە لە کەس و کاری شەھیدانی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی ڕانیە، بە نیگەرانییەوە وتی: کەس و کاری ئێمە ڕاپەڕینیان کرد و مێژویان نووسییەوە، بەڵام تائێستا ئامانجەکانی بەدی نەھاتوون، بەرپرسان خۆیان کردە خاوەنی ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی، ھەموو ساڵێکیش یادی ڕاپەڕین بەحزبی دەکەن.

ئەدیبە عەلی

باسی لە خراپی دۆخی کەس و کاری شەھیدان کرد و وتی: با بەرپرسەکان سەردانی ماڵە شەھیدەکان بکەن، ھەندێک ماڵە شەھید ھەیە، خۆراک و نەوتیان نییە و خاوەنی ھیچ شتێک نین.

ئەدیبە لە کۆتای قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەوەکرد، بەرھەمی ڕاپەڕین بۆ گەلی کورد ھیچ نەبوو تەنیا بۆ دوو حزبی دەسەڵاتدار بوو بە خێر، شەھیدەکانیش خوێنیان بۆ ئەو خاکەدا، بەڵام ئەوان خوێنی شەھیدەکانیان فرۆشت.

هـ.ح

 

Comments are closed.