” ئەگەر ئۆجالان ئازاد بێت دۆزی گەلی کورد بەرەو پێش دەچێت”

چەمچەماڵ

پێشمەرگەیەکی دێرین باس لەوە دەکات، ڕێبەر ئاپۆ تەنها لە پێناو کوردبوون و قسەکردنی بە زمانی کوردی چەندین ساڵە لە زیندانە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەلی کورد بە میللەت نازانێت، بۆیە بەردەوام هێرشی دەکاتەسەر، دەشڵێت: پێویستە گەلی کورد بە شۆڕش و بە قەڵەم و ئەوەی لە توانایدایە ئەنجامی بدا لەپێناو ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان.

محەمەد ئەحمەد
محەمەد ئەحمەد

محەمەد ئەحمەد پێشمەرگەیەکی دێرینی شارۆچکەی چەمچەماڵە و لە شۆڕشەکانى پێشووی کورددا پێشمەرگە بووە، سەبارەت بەداگیرکارییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر و ڕۆڵ و کاریگەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆژنیوز قسە دەکات.

“تورکیا کورد بە میللەت نازانێت، بۆیە هێرش دەکاتە سەرمان”

محەمەد ئەحمەد وتی: من حەز دەکەم کوردستان هەرچوار پارچەکەی ببن بەیەک زۆر خۆشحاڵ دەبم، بیرمە لەساڵی ١٩٦١ـەوە تا ئێستا ستەممان لێدەکەن، ئەم دەوڵەتانەی دەور و پشت ستەممان لێدەکەن، ئێمەی کورد ستەم لێکراوین، بەخۆیاندا ناچنەوە و زۆر بێ ویژدانن، ئێمەی کوردیش مرۆڤی با خاوەنی کیانی خۆمان بین، هیچ زیانێکی بۆ ئەوان نییە، بەچەندین شێوە ستەمیان لێکردین ئەنفال و شەهیدیان کردین، من خۆم کوڕی شەهیدم و باوکم لەژێر ئەشکەنجە گیانی سپاردووە.

لەبارەی هۆکاری داگیرکارییەکانی سەر هەرێمی کوردستان وتیشی: هۆکاری ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر باشووری کوردستان ئەوەیە، ئەو دەوڵەتانە ئێمە بە میللەت نازانن بەژێردەستەی خۆیانمان دەزانن، ئەو دەوڵەتانە ئەگەر ڕەحمی خوا لەدڵیاندا بێت وا لە میللەتی کورد ناکەن.

عەبدوڵا ئۆجالان تەنها لە پێناو کوردبوون لە زیندانە”

سەبارەت بە پلانی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، محەمەد ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، عەبدوڵا ئۆجالان تەنها لەپێناو کورد بوون و قسەکردنی بەزمانی کوردی چەندین ساڵە لەزیندانە، بۆچی ئەو ئازاد نەبێ و دوژمنانی گەلی کورد ئازاد بن، بۆچی ئێمە ئازاد نەبین؟.

ئەو پێشمەرگە دێرینە دەشڵێت: من هەرچەندە بۆچوونی سیاسیمان جیاوازە لەیەکتر، بەڵام زۆر زۆرم پێناخۆشە ئەو پیاوە قارەمانە لەپێناو میللەتەکەی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانە، تا مردن ئەوەم بیرناچێ کە چرێشەیان لەسەر ڕووخساری لادا ئەوکاتەی کە لەکینیا دەستبەسەر کرا پڕ بەدڵ بۆی گریام.

” ئەگەر لایەنە کوردییەکان یەکگرتوو بن هیچ دوژمنێک ناتوانێت زاڵ بێت بەسەرماندا”

هەر لەقسەکانیدا ئەو پێشمەرگە دێرینە باس لەوەش دەکات، دەوڵەتانی داگیرکەر چاویان بە کەلتوری کوردیدا هەڵنایە، میللەتی کورد میللەتێکی بەش خوراو و بێکەسە، هیچ کەسێک پشتیوانی میللەتی کورد ناکات، بۆیە داوا لە هەموو سەرکردە کوردییەکان دەکات، پشتیوانی یەک بن و پشتگیری لەیەک بکەن، چونکە گەر پشتی یەک بگرن و یەکگرتوو بن هیچ دوژمنێک ناتوانێت زاڵ بێت بەسەرماندا، دەشڵێت: تکام وایە پشتگیری یەک بکەن و برا بن تا پارێزراو بین لە ستەمی ستەمکاران.

لەبەشێکی دیکەى قسەکانیدا محەمەد ئەحمەد وتیشی: پێویستە گەلی کورد بە شۆڕش و بە قەڵەم و ئەوەی لەتوانایدایە ئەنجامی بدا لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، زۆر زۆر دڵگرانم بۆی، هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش بەچ یاسایەک پانزە ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێت، مرۆڤایەتی و کەلتور ڕێگە بەوە دەدات؟

ئەگەر بەڕێز ئۆجالان ئازاد بێت دۆزی گەلی کورد بەرەو پێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت”

لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کاریگەری لەسەر دۆزی کورد پێشمەرگە دێرینەکەى چەمچەماڵ ئەوەى خستەڕوو، بەڕێز ئۆجالان ئێستا لەزینداندایە دەسەڵاتی نییە، بۆچوونم وایە گەر بێتو بەجەستە ئازاد بێت دۆزی گەلی کورد بەرەو پێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، چونکه پڕ بەدڵ حەز دەکات کوردستان بە ئازادیی ببینێت.

هـ.ح

Comments are closed.