“لووت شکانێکی دیکە چاوەڕوانی ئەردۆغان و هاوکارەکەی دەکات”

سلێمانی

چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دژی هاتنەکەی ئەردۆغانن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، پێیانوایە شەڕ قەیرانەکانی تورکیا و ئەردۆغان قوڵتر دەکاتەوە و شکستێکی دیکە لە چیاکانی کوردستانەوە دەبێتە میوانی ئەردۆغان و لووت شکانێکی دیکە چاوەڕیی دەکات.

بڕیارە سبەی ئەردۆغان سەرۆکى دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە دوای ١٢ ساڵ بە سەردانێکی فەرمی بگاتە پایتەختی عێراق و لەگەڵ سەرانی عێراق کۆ ببنەوە، سەردانەکە نیگەرانی لای چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی درووست کردووە، لەو بارەیەوە چالاکوانانی مەدەنیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

حەسەن مارف
حەسەن مارف

حەسەن مارف چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، سەبارەت بە هاتنەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا وتی: پرۆتۆکۆڵی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا زۆر ڕوون نییە، بەڵام ئامانجەکانی ئەردۆغان باش دەزانین، بە دڵنیاییەوە هاتنەکەی ئەردۆغان دژ بە دۆزی گەلی کورد و پەکەکەیە، کە بووە بە دوومەڵێک لە سەر دڵی ئەردۆغان و هەموو فاشیست و داگیرکەرانی کوردستان، ئەردۆغان خۆی و حزبەکەی و خەڵکی تورکیاشی تووشی قەیرانێکی زۆر قووڵ کردووە، دەرچوونی لەو قەیرانە ئەستەمە.

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد: ئەردۆغان لە پەلەقاژەکانی کۆتای تەمەنییدا، دەیەوێت دەست بە چڵە پووشی ڕزگاکردنی خۆیەوە بگرێت، کە من پێم وایە مەحاڵە، ئەوەی ئێستا ئەردۆغان پێداگریی دەکات، دەیەوێت هێزێک پێکەوە بنێت لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دژی پەکەکە بووەستنەوە، هەر ئەمەش ئامانجی هاتنەکەیەتی بۆ عێراق.

وتیشی: دەوڵەتی تورک ٤٠ ساڵە توانیوێتی چی بکات لە دژی پەکەکە؟ ئێستا ئامانجی باشتر بە دەست ناهێنێت، بە دڵنیاییەوە، لووت شکانێکی دیکە لە شاخەکانی کوردستانەوە، دەبێتە میوانی ئەردۆغان و هاوکارەکانی.

ئەردۆغان بە هۆی شەڕخوازییەکانییەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووشی شکستی زیاتر دەبێت لە بەرامبەر کوردان، وەک ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە ئاکەپە تووشی شکستی گەورەبوو، بۆ شاردنەوەی ئەو شکستەش سبەی ڕوو لە بەغدا دەکات بۆ درێژەدان بە شەڕێکی نوێ.

ئارام جەمال
ئارام جەمال

ئارام جەمال، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەبارەت بە شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەردۆغان وتی: یەکەم شکست ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ دا بوو، بۆ پەرلەمانی تورکیا، لەو کاتەوە کە دەنگەکانی ئاکەپە هاتە خوارەوە، ئەردۆغان دەیەوێت بە سەرباز و بە هێرش و لەشکرکێشی، قەرەبووی ئەوە بکاتەوە، بەڵام دەرکەوت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجامی نەگرتووە و زیانی کردووە، لە بەر ئەوەی هێرشەکان تێچوویەکی زۆریان هەیە، ئەمەش بووە قەیرانێکی گەورەتر بۆ تورکیا.

ئارام جەمال ئەوەشی ڕوون کردەوە، هەموو دەسەڵاتدرانی تورکیا، ئەوانەی پێش ئەردۆغان و خۆیی و ئەوانەشی دوای ئەو دەسەڵات دەگرنە دەست، دەبێت لەوە تێبگەن، پرسی کورد بە شەڕ چارەسەر نابێت، لە بەر ئەوەی پرسێکی ڕەوایە، لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە سەدان خەڵکی مەدەنی شەهید بوون، لە ناویاندا هێزی سەربازی و پێشمەرگەش هەبووە، چونکە بە چاوی دووژمن سەیری هەموو کورد دەکات.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر دەسەڵاتی کوردی خۆی نەخەڵەتێنێت، ئەردۆغان جیاوازی لە نێوان کوردێكی مەدەنی و کوردێکی چەک لە شان ناکات، لە بەر ئەوەی ئەردۆغان قوتابی قوتابخانەیەکە، لە سەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد درووست بووە.

ب. جـ

Comments are closed.