لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردییدا هێرشكرایە سەر كەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر

ناوەندی هەواڵەكان

درەنگانی شەوی ڕابردوو پۆلیسی بەلجیكا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی “ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر” و دەستی بەسەر كۆمپیوتەر و كەرەستەی تەكنیكی كەناڵەكاندا گرت، هەروەها چەندین كەرەستەیان لە ناوبرد و تاڵانیان كرد، پۆلیس هەموو كێبڵەكانی پەخشی بڕی و پەخشی كەناڵەكانی ڕاگرت.

میدیا هەرێمییەكان، لە بارەی هێرشكردنە سەر دوو كەناڵی كوردی لە بەلجیكا و شكاندن و تێكدانی سەرجەم كەلوپەلەكانی ناو كەناڵەكان زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو پۆلیسی بەلجیكا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر، پۆلیسەكان دەستی پاسەوانەكانی كەناڵەكەیان بەست و بە زۆر خستیانە سەر زەوی و دەرگاكانیان شكاند و چوونەتە ناو ستۆدیۆكەوە و ئامێرەكانی ناو ستۆدیۆكەیان تێكشكاند.

ئاماژە بەوەشكراوە، پۆلیس بۆ ماوەی نزیكەی چوار كاتژمێر لەناو باڵەخانەكەدا مانەوە و دواتر ستۆدیۆكەیان بەجێهێشت، دەستی بەسەر كۆمپیوتەر و كەرەستەی تەكنیكی كەناڵەكاندا گرت، چەندین كەرەستەیان لە ناوبرد و تاڵانیان كرد، هەروەها هەموو كێبڵەكانی پەخشی بڕی و پەخشی كەناڵەكانی ڕاگرت.

لە كاتی هێرشەكەی پۆلیسدا تەواوی ئەو ناوچەیەی گەمارۆدرا، كە كەناڵەكانی لێ بووە، زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیس بەشدارییان لە هێرشكردنە سەر كەناڵەكاندا كردووە، پۆلیسەكان دەمامكی جلوبەرگی سادەیان لەبەردا بوو.

كەناڵی Stêrk TV و Medya Haber TV دوو كەناڵی كوردین ماوەی چەندین ساڵە لە ئەوروپا بە شێوەیەكی پیشەییانە كاری خۆیان دەكەن، بەڵام هەندێك جار و لە هەندێك وڵاتی بە ناو دیموكراسی هێرش دەكرێتە سەریان و زیانی ماددیی زۆر بە كەناڵە كوردییەكان دەگەیەنرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.