هاوڵاتییەکی عێراقی سکاڵا دژی کۆمپانیایەکی نەوتیی بەریتانیی تۆمار دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

هاوڵاتییەکی عێراقیی لە ئەنجامی گیانلەدەستدانی کوڕەکەی بەهۆی شێرپەنجەی خوێن، سکاڵا لە دژی کۆمپانیای نەوتی بریتیش پترۆلیۆم-ی بەریتانی تۆمار دەکات و داوای قەرەبوو دەکات.

حسێن جەللود
حسێن جەللود

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی بەریتانی، هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی حسێن جەللود، کە ساڵی ڕابردوو کوڕێكی ٢١ ساڵانی بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە گیانی لەدەستدا، تۆمەتی ئاڕاستەی کۆمەپانیای نەوتی بریتیش پترۆلیۆم-ی بەریتانی کردووە و دەڵێت: بەهۆی دەردانی غازی ژەهراوی لە کێڵگەیەکی نەوت، کە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە بەڕێوەدەبرێت کوڕەکەی توشی شێرپەنجەی خوێن بووە.

عەلی جەللود تەمەنی ١٥ ساڵ بوو کاتێک زانرا تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە و پاش شەش ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەر و چاودێری پزیشکی ساڵی ڕابردوو گیانی لەدەستدا.

حسێن جەللود ئاماژەی بەوەکردووە: “تەنها هیوادارم ئەوانەی دەنگم دەبیستن، لە بریتیش پترۆلیۆمەوە، بیر لە بارودۆخی من بکەنەوە، من بە تەنیا نوێنەرایەتی خۆم ناکەم، بەڵکو نوێنەرایەتی ئەم خەڵکە هەژارانە دەکەم، کە لێرە دەژین و بەدەست پیسبوونی هەواوە دەناڵێنن”.

بەپێی هەواڵەکەی بی بی سی، ئەو هاوڵاتییە لە سکاڵاکەیدا داوای قەرەبووی تێچووی چارەسەری پزیشکی کوڕەکەی دەکات، لەوانە چارەسەری کیمیایی لە دەرەوەی وڵات و چاندنی مۆخی ئێسک و  تێچووی پرسەکەشی.

هەرچەندە ڕووداوەکە لە عێراق بووە، بەڵام جەللود توانای ئەوەی هەیە دۆسییەکە بخاتە بەردەم دادگاکانی بەریتانیا، چونکە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە بەریتانیایە.

لەبەرامبەریشدا کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم ڕایگەیاندووە، کە ئەوان هەرگیز لەو ناوچەیەدا چالاکیی و کاریان نەبووە و تەنها ئەوە نەبێت پشتیوانی بەڵێندەری سەرەکی دەکەن، کە کۆمپانیای بەسرە ئینێرجی لیمیتەد-ە و هاوکارییان دەکەن لە کەمکردنەوەی دەردانی غازی ژەهراویی لە ناوچەکەدا.

ش. ئـ

Comments are closed.