یوسف كیلابی‌: دواكەوتنی تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆی‌ حكومەتی‌ هەرێمە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی‌ عێراق بڵاوی كردەوە، فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاگادار دەكەینەوە، كە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان ئامادەن بۆ تەوتینكردنی مووچەكانیان و دواكەوتنیشی‌ لە ئەستۆی‌ حكومەتی‌ هەرێمە، دەشڵێت، هەر تەوتینكردنێك لە دەرەوەی بانكە فیدراڵییەكان نافەرمیە.

یوسف كیلابی‌ ئەندامی پەرلەمانی‌ عێراق لە بارەی ئامادەی بانكە فیدراڵییەكان بۆ  تەوتینكردن مووچەی فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە تۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاگادار دەكەینەوە، كە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان ئامادەن بۆ تەوتینكردنی مووچەكانیان و دواكەوتنیشی‌ لە ئەستۆی‌ حكومەتی‌ هەرێمە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر تەوتینكردنێك لە دەرەوەی بانكە فیدراڵییەكان نافەرمییە و نابێتە هۆی وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لێرەدا مەبەستم “هەژماری منە“.

پێشتر وەزارەتی‌ دارایی عێراق بە نووسراوێك داوای لە حكومەتی‌ هەرێم كرد، زانیاری لەبارەى فەرمانبەرانەوە بۆ بنێرێت تا لە بانكە حكومییەكانی عێراق هەژماریان بۆ بكرێتەوە و فەرمانبەران بتوانن لەو بانكانەوە مووچەكانیان وەربگرن، كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێ دراوە.

بەپێی نووسراوەكە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، ناو و زانیاری فەرمانبەرەكانی، “خێرا” بنێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەیان بخرێتە سەر بانكە حكومییە فیدڕاڵییەكان، كە ئەوانیش بریتین لە بانكی عێراق بۆ بازرگانی (تی بی ئای)، بانكی ڕەشید و بانكی ڕافیدەین.

هـ.ئ

 

Comments are closed.