سەلام عەلی: ئەردۆغان بە شکستێکی گەورە و بێدەستکەوت لە عێراق گەڕایەوە

گەرمیان

دوای سەردانە شکستخواردووەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، هێرش و پیلانگێڕییەکانی ئەو دەوڵەتە بۆسەر گەلی کورد و ڕاگەیاندنی ئازاد جارێکی دیکە دەستی پێکردەوە و ئەندامێکی کەنەکەش دەڵێت: ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا هیچ بەڵێنێکی سەربازیی و هەواڵگریی پێنەدرا بۆ شەڕ دژی کورد بۆیە بە شکستێکی گەورە و بێدەستکەوت لە عێراق گەڕایەوە.

ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٢٢ـی ئەم مانگە سەردانی عێراقی کرد و لەسەر چەند پرسێک چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت، لە ئەنجامدا واژۆ لەسەر ٢٦ ڕێککەوتن و لێکتێگەشتن کرا، بەڵام ئەوەی کە ئەردۆغان بۆی هاتبوو پرسی هاوکاریی کردنی عێراق بوو بۆ هێرش کردنە سەر گەریلاکانی ئازادیی و هیچ بەڵێنێکی پێ نەدرا.

هەروەها لە بەرەبەیانی ٢٣ـی ئەم مانگە پۆلیسی بەلجیکا هەڵیکوتایە سەر هەردوو کەناڵی دەنگی ئازادیی کوردان ” ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر” و دەستی بەسەر بەشێک لە کەرەستە میدیاییەکاندا گرت، هەر دوای ئەوە ئاژانسی ڕۆژنیوز لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرای کرد، فەڕەنسا و دەوڵەتی تورک لە پشتی ئەو هەڵکوتانەوە بوون.

لە بارەی سەردانە شکستخواردووەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر، کاردانەوە و هەڵوێستی گەل دژی ئەو سەردانە، هەروەها هەڵکوتانەسەر هەردوو کەناڵی “ستیرک تیڤی و مەدیا خەبەر” سەلام عەلی، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و ڕۆژنامەنووس بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

سەلام عەلی لە بارەی شکستی سەدانەکەی ئەردۆغان وتی: ئەردۆغان لە سەردانەکەی بۆ عێراق نەک دەسکەوتی نەبوو بەڵکو بە شکستێکی گەورەشەوە گەڕایەوە، لەگەڵ عێراقدا هیچ ڕێکەوتنێکی ئەنجامنەداوە و تەنها لە یەکگەیشتنێک بووە لەسەر هەندێ پرۆژە، ئەو پرۆژانەش بە ئاسانی ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە تەمەنی دەسەڵاتی ئەردۆغان و سودانی جێبەجێناکرێت.

سەلام عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی عێراق لە ڕووی هەواڵگریی و سەربازییەوە، هیچ بەڵێنێکی بە ئەردۆغان نەداوە بۆ شەر دژی پەکەکە و وتوویانە ئەوە شەڕێکی قورسە بە ئێمە و ئێوەش ناکرێت، بۆیە بەغدادی بەجێهێشت و هاتە هەولێر وەک دژایەتییەک بۆ عێراق، بەڵام پەدەکە هەر پێشتریش پێی وتبوو بە تەنیا و بە بێ بەشداری عێراق و یەنەکە ئەو شەڕەی پێناکرێت.

ئەو ئەندامەی کەنەکە لە بارەی هەڵوێستی گەل دژی سەردانەکەی ئەردۆغان باسی لەوەکرد، گەلی کورد دژی هێڵی خیانەتە، بۆیە ناڕەزایەتییەکی فراوان ئەنجامدرا دژی هاتنەکەی ئەردۆغان و گەل پێیانی وت ئێوە نابنە خاوەنی ئەم خاکە، هەرەها یەنەکەش هەڵوێستێکی نەتەوەیی هەبووە، سەڕای فشارەکانی سەری ئامادە نەبوو هاوکاری تورکیا بکات لەو شەڕەدا، دەبوایە هەموو لایەنەکانی دیکەش ئەو هەڵوێستەیان هەبوایە.

هەروەها، لە بارەی هێرشەکانی سەر هەردوو کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر لە بەلجیکا وتی: ئەردۆغان هەرکاتێک لە قەندیل شکست بێنێت هێرش دەکاتە شوێنەکانی دیکە، ئەو هێرشانەی سەر هەردوو کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر لە بەلجیکا و میدیاکارانی باکوور بەشێکە لە پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک، پۆلیسی بەلجیکاش کارێکی نا ئەخلاقی و نا دیموکراسییانەی ئەنجامدا، بەرامبەر ئەو دوو کەناڵە کە بەشێوەیەکی ئەخلاقی و ڕاستگۆییانە کاری خۆیان دەکەن.

ب. جـ

Comments are closed.