ناوەندی هەواڵەکان
کەنەکە پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە گەریلا، پێشمەرگە، شەڕڤانان و هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادیی کوردستان پیرۆز دەکات و ڕایگەیاند، ئەمساڵیش هێرش و پیلان لە دژی گەلی کورد بەردەوامە، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە ژێر مەترسییدان، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان لە یەک سەنگەردا دژ بەو پیلانانە بووەستنەوە.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی ١ـی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای پەیامەکەیدا کەنەکە پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی کردووە و دەڵێت: کرێکاران و ڕەنجدەران بە تێکۆشان و خۆڕاگریی خۆیان، بە ئارەقەی نێوچەوان و ڕەنجی خۆیان ١ـی گوڵانیان کردە ڕۆژی یەکێتیی، تێکۆشان و هاوپشتیی کرێکارانی جیهان، ئەم جەژنە لە ئێستادا لە سەرانسەری دنیا وەک ڕۆژێکی تایبەت و واتادار پیرۆز دەکرێت، با ڕۆژی ١ـی گوڵان لە سەرجەم کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان و دنیا، هەروەها گەریلا و پێشمەرگە و شەڕڤانان، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادیی و ڕزگاریی کوردستان پیرۆز بێت.
دەشڵێن: ڕۆژی یەکی گوڵان جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە، کوردستانیان سەدان ساڵە لە پێناو ئازادیی و ڕزگاریی و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن، ئەم تێکۆشانە خۆی لە خۆیدا ڕەنجێکی گەورە و بەهادارە، لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان کرێکار و ڕەنجدەری ئازادیی و ڕزگاریین، هەر بۆیە کوردستانیان پێکەوە و بە شانازیەوە ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن و بە جەژنی خۆیانى دەزانن.
باسیان لەوەشکردووە، ئەمساڵ، ئێمە کورد و کوردستانیان لە دۆخێکی هەستیار و جدیدا پێشوازی لە ١ـی گوڵان دەکەین، لە چوار لای کوردستان هێرش و پیلانی دژ بە گەلی کورد بەردەوامە، دوژمنان پرۆژەکانیان گەورەن، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە ژێر مەترسیی گەورەدان، پێویستە هەموو حزب و ڕێکخراو و هێزەکانی کوردستان ئەو ڕاستییە ببینن و بەپێی ئەم دۆخە هەڵسوکەوت بکەن، بۆیە دەبێ هەموو هێزە کوردستانییەکان یەکدەنگی و یەکێتیی خۆیان پتەوتر بکەن و لە یەک سەنگەردا دژ بەو پیلانە بووەستنەوە و پوچەڵی بکەنەوە.
ب. ق
Comments are closed.