ڕووخاندنی بازاڕێک لە بەغدا هەڕەشەی  بژێوی لەسەر سەدان خێزان درووست کردووە

محەمەد جبوری

لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا و بە بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەبەرهێنەر و خاوەنە تازەکەی بازاڕی نەخلە لە ناوچەی شۆرجە لە بەغدا دەستی کردووە بۆ ڕووخاندنی ئەو بازاڕە، ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی سەدان خێزان درووست کردووە کە بژێوی ڕۆژانەیان لەسەر ئەو بازاڕەیە.

بازاڕەکە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە درووست کراوە و تایبەتە بە فرۆشتنی خۆراک، مۆڵەتی فەرمی هەیە لە حکومەت شارەوانى بەغدا، ئەو بازاڕە سەدانه دووکان لە خۆی دەگرێت کە سەرچاوەى بژێوی سەدانه خێزانیشی مسۆگەر کردووە.

ئێستا کە خاوەنەکەى هەنگاوی ڕووخاندنى دەست پێکردووە، مەترسی لەسەر بژێوی ئەو سەدان خێزانە درووست کردووە، بۆ ئەوەش خاوەن دووکاندارەکان هانا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبەن و داوای لێدەکەن کە دەستوەردان بکات بەمەبەستى ڕاگرتنى ڕووخاندنی بازاڕەکە و ڕێگە چارەیەکییان بۆ بدۆزێتەوە.

ئەبو قاسم
ئەبو قاسم

ئەبو قاسم، خاوەن دووکانێکە لە ناو بازاڕی نەخلە و بۆ ڕۆژنیوز  وتی: ئەو کێشەیەی ئێمە بەدەستیەوە دەناڵێنین بەهۆی دەوڵەتەوەیە، چونکە زەویەکەی بەخشیوە بە وەبەرهێنەرێک، ئەویش ڕاستەوخۆ هاتووە بۆ ڕوخاندنی بازاڕەکە و کێشە بۆ خەڵک درووست دەکات.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەو ماوەی ٢٨ ساڵە لەو بازاڕەدایە و نزیکەی ٦٠٠ خێزان لەسەر بازاڕەکە دەژین، ئێستاش وەبەرهێنەرێک چووەتە شارەوانی بەغدا و بازاڕەکەی بە کرێ گرتووە، شارەوانیش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر داواکارییەکەی، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن شارەوانی بەغدا ڕازی بوو بە داواکارییەکەی؟

ئەو دووکاندارەى بازاڕی نەخلە وتیشی: ئێمە لەم بازاڕەدا فرۆشیارین و کرێ دەدەین بە دەوڵەت و کارەکەمان یاساییە، ئێمە خۆپیشاندانمان کرد لە بەردەم شارەوانی بەغدا، بەڵام سەرۆکی شارەوانیی وەڵامی بانگەوازەکەی نەداینەوە، بۆیە دەمانەوێت ئەو بەرپرسە هەڵوێستی جددی لەگەڵ هەژاراندا هەبێت و ڕێگە بە ڕووخاندنی بازاڕەکە نەدات.

ئەبو قاسم باس لەوەش دەکات، ئەگەر نەگەنە چارەسەرێک ئەوا مانگرتن لەسەر شەقام ئەنجامدەدەن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر شارەوانی بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەی و ڕێگری لە ڕوخاندنى بازاڕی نەخلە.

بازاڕی شۆرجە یەکێکە لە بازاڕە کۆنەکانی بەغداد دەکەوێتە سەر ڕووبەرێکی فراوان و زۆرێک لە بازاڕە لاوەکییەکانی تایبەت بە خواردن و جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ لەخۆدەگرێت بۆتە ناوەندێکی بازرگانی سەرەکی لە پایتەختی عێراق و سەرچاوەیەک لە شتوومەک کە بە کۆ دەفرۆشرێن.

لەم دواییانەدا شارەوانی بەغدا دەستگێڕەکانی سەرشەقامی لە گۆڕەپانی تەیاران لە سەنتەری پایتەختی بەغدا لابردووە، شارەوانیش لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕۆژ نیوز داوە و دەڵێت: لابردنی دەستگێڕەکان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوندی گشتیدایە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆیە لە بازاڕەکەدا.

ئەبو ئەحمەد
ئەبو ئەحمەد

لای خۆیەوە ئەبو ئەحمەد کە یەکێکی دیکەیە لە دووکاندارەکان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژ نیوز ڕوونی کردەوە، ئەم بازاڕە فەرمییە و لە ساڵی ١٩٩٢ەوە لە شوێنی خۆیدایە و هەموو مانگێک کرێ دەدەین بە شارەوانی بەغدا و پسوڵەی فەرمی بۆ وەردەگرین.

ئاماژە بەوەش دەکات، هەر جارێک کرێچی دووکانێک دەگۆڕدرێت ئەوە دوا کرێچییە کە دێتە دووکانەکە و دەڕوخێندرێت و هیچ پاڵپشتییەکی فەرمیشیان نییە، بۆیە داوا دەکەن لەسەر سەرۆکی حکومەتی عێراق و سەرۆکی شارەوانی بەغدا چارەسەرێک بۆ ئەو سەدان خێزانە بدۆزنەوە کە لەم بازاڕەدا دەژین.

ئەو دووکاندارە وتیشی: خاوەنە نوێیەکە دەیەوێت بازاڕەکە بڕوخێنێت و لەبری ئەوە دووکانی نوێ درووست بکات بە کرێی زۆر بەرزتر، ئێمەش لە تواناماندا نییە، پێشنیاری ئەوەشمان بۆ کرد کە کرێی دووکانەکان کەمێک بەرزتر بکاتەوە بەمەرجێک بازاڕەکە نەڕوخێنێت، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە.

ناوبەناو هەندێک لە بازاڕە گەورەکان یان بازاڕە کۆنەکان بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕووخێنراون و زۆرجار پێش لە بڕیاری ڕوخاندنی بکشێنەوە، مشتومڕ و خۆپیشاندانی گەورە درووست بووە، یەکێک لە دیارترین شوێنەکان کە هەڕەشەی ڕووخاندنی لەسەر بوو، بینای شانۆی ڕەشید بوو، دواتر بڕیارێکی بەپەلە لەلایەن حکومەتی پێشووەوە دەرچوو بۆ وەستان لە ڕووخاندنی و پێدانی زەویەکەی بە وەزارەتی ڕۆسنبیری تا بیپارێزێت.

ئەبو عەلیا
ئەبو عەلیا

جگە لەوەش ئەبو عەلیا، خاوەن دوکوان لەو بازاڕە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژ نیوز رایگەیاند، ئێمە کرێ دەدەین بە دەوڵەت بۆ ئەو دووکانانەی کە لە بازاڕی نەخلەدا کاری تێدا دەکەین، ئێستاش خاوەنەکەی دەیەوێت دووکانەکان بڕوخێنێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم بازاڕە لە ڕژێمی پێشووەوە بە فەرمی وەک بازاڕی فرۆشتنی خۆراک تۆمار کراوە و تەنانەت نەخشەکانیشی لە شارەوانیدایە و ئێستاش ئەگەر ڕووخێنرا، ئەو خێزانانەی لەسەری دەژین، بۆ کوێ دەڕۆن؟

جەختیش دەکاتەوە، ئێمە سەرپێچیمان لە زەویەکانی دەوڵەت نەکردووە، ئێستاش خاوەندارە نوێیەکە ڕۆژانە هەڕەشەی ڕووخاندن و هێنانی بلدۆزەر دەکات بۆ ڕووخاندنی بازاڕەکە.

ڕ.ش

Comments are closed.