کەجەکە: بۆ لەناوبردنی سیستەمی سەرمایەداریی ژیانی هاوبەش و دیموکرات بووەتە بنەمایەک

ناوەندی هەواڵەکان

کەجەکە لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی کرێکارانی لە تەواوی ڕەنجدەران و چینە چەوساوەکان پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، سیستەمی سەرمایەداریی بە لەناوبردنی بەهاکانی مرۆڤایەتیی، تاکپەرستی و خۆپەرستی پەرەپێداوە، بۆ لەناوبردنی ئەو سیستەمە ژیانێک دیموکراتیی و هەرەوەزیی و ئازاد بووەتە بنەمایەک، ڕێبەر ئاپۆش هەر بۆ ئەو مەبەستە دەستی بە تێکۆشان کرد، دەبێت لەم ڕۆژەدا کوردان ڕوو لە گۆرەپانەکان بکەن و یەکڕیزی خۆیان نیشانبدەن.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە بارەی ١ـی ئایار، جەژنی کرێکارانی جیهان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای پەیامەکەدا کەجەکە پیرۆزبایی ئەو جەژنەی کردووە و ڕایدەگەیەنێت، ١ـی ئایار ڕۆژی یەکێتی و یەکگرتن لە هەموو چینە بندەستەکان، گەلان و ژنان بە تایبەتی چینی کرێکارانی پیرۆز دەکەین، ١ـی ئایار تێکۆشان، یەکێتی و یەکڕیزی کرێکاران، ڕەنجدەران و چینە چەوساوەکانە لە دژی کۆلۆنیالیزمی سەرمایەداریی، تێکۆشانی کرێکار، ڕەنجدەران و چینە بندەستەکان لە تێکۆشانی مرۆڤایەتییدا بۆ یەکسانیی و ئازادیی لە دژی کۆلۆنیالیزم لە مێژوودا خاوەن جێگەیەکی زۆر گرنگە.

باسیان لەوەشکردووە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تادێت کۆلۆنیالیزم گەورەتر دەکات و دەگۆرێت بۆ کۆلۆنیالیزمی بێسنوور، ئەمڕۆ زۆر باشتر دەتوانین ببینین کە مێژوو پشتڕاستی ئەوانی کردووەتەوە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە هەڵوێستی خۆی بۆ زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێک، بە لەناوبردنی هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی، تاکپەرستی و خۆپەرستی پەرەپێداوە و بە لەناوبردنی ژینگە ژیانی گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون، بۆ لەناوبردنی ئەو سیستەمە داگیرکارییە و بونیادنانی ژیانێکی دیموکراتیی، کۆمیناڵ و هەرەوەزیی، یەکسانخوازانە، ئازادییخوازانە و ژینگەیی بووەتە بنەمایەک.

دەشڵێن: ڕێبەر ئاپۆ نەک هەر بۆ ئازادیی گەلی کورد، بۆ ئازادیی هەموو گەلان و بندەستان تێکۆشا و بۆ ئەوەش هەموو کات لەناو گەڕان و هەوڵداندابوو، تێگەیشتن و هەڵوێستی تێکۆشانی هاوبەش و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ تێکۆشانی گەلی کورد ئاوێتە کردووە و کردوویەتییە هێزی پێشەنگی تێکۆشانی گەلانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها کەجەکە ڕاشیگەیاندووە، دەبێت گەلی کورد زیاتر خاوەنداریی لە ١ـی ئایار بکات، لەو ڕۆژەدا ڕووبکەنە شەقام و گۆڕەپانەکان و یەکڕیزیی خۆی لەگەڵ ڕەنجدەران و گەل نیشان بدات، بە دەنگی بەرز هاوار بۆ داواکارییەکانی بکات و بە داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەڵمەتی ئازادیی گەردوونی بگەیەننە ئاستی جەماوەریبوون.

ب. جـ

Comments are closed.