نووسینگەی یاسایی سەدە: کۆتایی بە ئەشکەنجەدان لە ئیمرالی بهێنن

ناوەندی هەواڵەکان

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە ڕایانگەیاند، ئازادکردنی وەیسی ئاکتاش، کە لە ئیمرالی دەستبەسەرە، بۆ ماوەی ساڵێک دواخراوە و پارێزەران وتیان: کۆتایی بە ئەشکەنجەدان لە ئیمرالی بهێنن؛ دەبێت دەرگاکانی ئیمرالی بۆ ئازادیی بکرێتەوە.

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە زیندانی ئیمراڵی، کە ٣٨ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەرناگیرێت و هەروەها پرسی ئازاد نەکردنی وەیسی ئاکتاش، کە سەرباری تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ڕێگە بە ئازادبوونی نادرێت، لە بینای نووسینگەکەیان لە بەیۆغڵوی ئیستەنبوڵ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

پاڕێزەر ڕەزان ساریجا ڕایگەیاند، دۆخی زیندانیان لە ئیمراڵی بە قەدەغە و سزاکانی دیسپلین سنووردار نەبووە، لە ئێستادا ناتوانن لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکانیان پەیوەندی ڕووبەڕوو ئەنجام بدەن، هەروەها تەلەفۆن و نامەش قەدەغەکراون و گۆشەگیرییەکی ڕەها هەیە، ئەم گۆشەگیرییە کاتێک ئەندامانی خێزانەکەیان کۆچی دوایی دەکات، تەنانەت لە کاتی پەتای کۆرۆنا و لە بومەلەرزەکانیشدا بەردەوام بووە، لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١ لە کۆتا جاری پەیوەندی تەلەفۆنیدا و لە دوای پچڕانی لەو ڕۆژەوە ئێمە هیچ زانیارییەکمان لە سەر بریگرتەکانمان نییە، ئێمە بە هیچ جۆرێک لە دۆخی تەندرووستی و هەلومەرجی بریگرتەکانمان، کە تیایدا ڕاگیراون ئاگادارنین.

لە درێژەی قسەکانیدا ساریجا ئەوەی خستەڕوو، کە وەیسی ئاکتاش ٣٠ ساڵە لە زینداندایە و ئێستا لە ئیمراڵییە، ماوەی سزاکەی لە ٢٨ـی نیساندا کۆتایی هاتووە، بەڵام ئازاد ناکرێت، بە گوێرەی ئەو خشتەیەی پێشتر داواکاری گشتیی کۆماریی بورسا ئامادەی کردبوو، دەبوایە ئاکتاش لە ٢٨ـی نیساندا ئازاد بکرایە، لە ئێستاشدا بە هۆی هەلومەرجی دژواری گۆشەگیری لە ئیمراڵی، ئێمە ویستمان لە ڕێگەی نامەیەکەوە هاریکاری یاسایی پێبگەیەنین و ڕوانینی ئەو لەبارەی کاروباری ئازادکردنیەوە وەربگرین.

لە بەردەوامیدا سەریجا وتیشی: بەو بۆنەشەوە ئێمە لە کاتی جیاجیادا لە ڕێگەی پۆستی تۆمارکراوەوە نامەمان بۆ نارد، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراینەوە، بەهۆی گۆشەگیریی ڕەهاوە ئێمە ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە، کە داخۆ نامەکانمان گەیشتوون یان نا، بەڵام ماوەیک بەر لە ئێستا ئێمە بۆ ڕێکارەکان سەردانی دادگای جێبەجێکردنی سزا و داواکاری گشتیمان کرد، بۆ ئەوەی هاریکاری یاسایی پێشکەش بە بریگرتەکەمان بکەین، داوامان کرد وێنەیەکی پەڕاوەکانی سزاکە بۆ ئێمە ڕەوانە بکرێت، بەڵام داواکارییەکەمان ڕەتکرایەوە.

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، لەبەر ئەوەی دەبێت ئاکتاش ئازاد بکرێت، وەک پارێزەرانی لە ٢٨ و ٢٩ـی نیساندا بۆ پێشوازیکردن لە بەڕێز ئاکتاش یاخود بۆ زانینی ئەوەی، کە چ شتێک لەبەردەم ئازادکردنەکەی بەربەست و رێگرە، هەوڵەکانمان خستەگەڕ، بەداخەوە ئیدارەی زیندانی ئیمراڵی بە زارەکی پێیان وتین کە بە هۆی بڕیاری لیژنەی چاودێریەوە ئازادکردنی ئاکتاش بۆ ماوەی ساڵێک دواخراوە، ئەو بڕیارە بە شێوەیەکی ئاشکرا نایاسایی و ناڕەوایە، هیچ واتایەک بۆ زەوتکردنی ئازادی بەڕێز ئاکتاش نییە، لە ڕێگەی ئەو هەموارانەی دواتر لە یاساکاندا کراون ئەو بڕیارە ناڕەوایانە دەدرێن، لەلایەکی ترەوە سەرباری داواکارییەکانی ئێمەش، بریاری هەڵپەساردنی ئازادکردنی ئاکتاشیان ڕادەستی ئێمە نەکرد.

وتیشی: هەم داواکارییەکانمان و هەم تانەکانی ئێمە وەک پارێزەران، لەلایەن بەرپرسە پەیوەندیدارەکانەوە بە هەند وەرنەگیران و ئەوەش تاوانێکی کارگێڕییە، ڕێگریکردن لە ئازادکردنی بەڕێز ئاکتاش، قەبوڵنەکردنی داواکارییەکان لەوبارەوە و پێنەدانی زانیاری، دۆخی موەکیلەکانمانی، کە ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نازانرێت، هەستیارتر کردووە.

سەریجا ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ڕێگری لە دیداری پارێزەران و بنەماڵەکان، داواکاری کەسایەتی و ڕێکخراوە جیاجیاکانیش، هەروەها داواکارییەکان بۆ میکانیزمەکانی پێداچوونەوەش ڕێگرییان لێکراوە، ڕێگەیان نەدا ڕاپۆرتەکەی سی پی تی ئاشکرا بکرێت و سەرباری ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گرتنەبەری ڕێکار تێپەڕبووە، بەڵام کار بەو بڕیارە ناکرێت، هەرچەندە کاتی ئازادکردنی مەرجداری بەڕێز ئاکتاش تەواو بووە، بەڵام ئازاد ناکرێت، کۆی ئەو پرۆسەیەش بە بێ پارێزەران بەڕێوەدەبرێت و هەموو ئەوانەش گومانەکانی ئێستا ڕەوا و پشتراست دەکەنەوە.

وتیشی: زیندانیان بەساڵاچوون و لە بارودۆخێکی سەختدا دەهێڵرێنەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستییان هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە مامەڵە لەگەڵیاندا نامرۆڤانەیە، بەڵام وەزارەتی داد، کە بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیکردنی زیندان و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بووەتە ئەو دەسەڵاتەی کە دەستبەجێ ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە بدرێت.

ب. ق

Comments are closed.