“دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی توركیاوە ئەستەمە”

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەربارەی جێگرەوەكانی هەناردەكردنی نەوت لە ڕیگای توركیاوە بانگێهێشتی وەزیری نەوتی عێراقیان بۆ پەرلەمان كردووە، دەشڵێـت: دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی توركیاوە ئەستەمە.

بەهادین نوری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە بارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی توركیا و بانگهێشتكردنی حەیان عەبدول غەنی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ پەرلەمان، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

بەهادین نوری ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەكەیان سەبارەت بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگای توركیاوە میوانداری حەیان عەبدول غەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەكات، لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری نەوتدا باس لە جێگرەوەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێی توركیا و ئەو زیانانە دەكات، كە بە هۆی ڕاگرتنی نەوت لە ساڵی ڕابردووەوە بەر عێراق كەوتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی توركیاوە ئەستەمە، چونكە توركیا داوای لابردنی ئەو سزا داراییانە دەکات، کە لەلایەن دادگای پاریسەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەوەی هەرێم داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكات، شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت بدات.

باسی لەوەشكرد، بە هیچ شێوەیەک ناكرێت ئەو دوو خاڵە جێبەجێ بكرێن، توركیا لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی خۆدزینەوە لە سزا داراییەکان دەدات، هەروەها چەندین كۆبوونەوە لە نێوان لایەنی عێراقی و توركیادا ئەنجامدرا بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ دەرئەنجام و چارەسەرێک.

بە پێی بڕیارەكەی دادگای نێوبژیوانی پاریس، دەبێت توركیا بڕی ١.٥ ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق لەبەرامبەر ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە بێ ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵی هەناردەكردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.