زیاتر لە ١٠ گوند لە سنووری کۆیە بێ کارەبا و ئاوی خواردنەوەن

کۆیە

نەبوونی كارەبای نیشتمانی زیاتر لە ١٠ گوندی لە سنووری شارەدێی (شۆڕش) دێگەڵەی سەر بە شارۆچكەی كۆیە لە پارێزگای هەولێر بێ ئاوی خواردنەوە كردووە،هاوڵاتيیان داوا دەكەن چارەسەری كێشەی بێ ئاوی و كەمی كارەبای نیشتمانی بكرێت، تا چیتر گوندەكان چۆڵ نەبن.

ماوەی نزیكەی هەفتەیەكە بەشێك لە گوندەكانی سنووری شارەدێی دێگەڵە گرفتی ئاوی خواردنەوەیان بۆ درووست بووە، لەبەر ئەوەی زۆربەی پڕۆژە ئاوەكانیان بیری ئیترتتیوازیە و پێویستی بە كارەبایە، بەڵام كەمی كارەبا بووەتە کێشەیەک کە ناتوانرێت ئەو بیرانە هەڵبکرێن و ئاوی خواردنەوە دابین بکرێت بۆ ئەو گوندانە،لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هیچ چارەسەرێكیان بۆ بابەتەكە پێ نییە.

مشیر عەزیز
مشیر عەزیز

لەو بارەیەوە مشیر عەزیز، دانیشتووی گوندی گۆمەتاڵ بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ماوەی ٢٤ كاتژمێر تەنها دوو بۆ سێ كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە، ئەمەش وای كردووە گوندەكەمان بێ ئاو بێت،چونكە ئاوی گوندەكە لەڕێگەی غەتاسەوە لە بیری ئیتیوازی دەردەهێنرێت،بەڵام چەند ڕۆژێكە نەكارەبا نە ئاوی خواردنەوەمان نییە.

وتیشی: نەبوونی ئاوی خواردنەوە گرفتێكی گەورەیە،چونكە ژیان بەبێ ئاو نابێت،داوا دەكەین حكومەت چارەسەری كێشەی كەمی كارەبا بكات، تاوەكو بتوانرێت ئاو بۆ گوندەكە بێت، زیاتر لە سی ساڵە هەر دەڵێین خۆزگەمان بە پار،چونكە حكومەت توانای چارەسەری كێشەی خزمەتگوزاریی نییە.

برایم سەعید،هاوڵاتییەكی بە تەمەنی گوندی  گۆمەتاڵە و دەڵێت: كێشەمان كارەبایە،كە كارەباش نەبوو  ئاوی خواردنەوەشمان نابێت،چونكە گوندەكە گەورەیە و دانیشتووانی زۆرە،ئەو دوو  سێ  كاتژمێرەی كارەبا هەیە،ئاو لە بیری ئیتیوازی دێت بۆ حەوزی گەورە كە ئاو بەسەر گوندەكە دابەش دەكات،لەبەر كەمی كاتەكە بەشی هەموو دانیشتووانی گوندەكە ناكات.

برایم سەعید
برایم سەعید

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا سەرەتای وەرزی گەرمایە ئاوا بێ ئاو و كارەباین، ماوەیەكی تر گرفتەكە گەورەتر دەبێت، ئێستا تەنها ئاوی خواردنەوەمان نییە مەڕ و ماڵاتەكانمان لەو ڕووبارانە ئاو دەدرێن كە تائێستا وشك نەبوون.

شارەدێی شۆڕش کە دێگەڵەشی پێدەڵێن لە ٥٣ گوندی پێکهاتووە، كە لە وەرزی هاویندا بەشی زۆریان كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، بەڵام تائێستا لە وەرزی بەهارداین، كێشەی ئاوی بۆ دەیان گوندی سنوورەكە درووست بووە بە هۆی كەمی كارەبای نیشتمانییەوە.

هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی ئیسماعیل سەعید، باس لەوە دەکات، ئەگەر پێنج كاتژمێر كارەباش هەبێت، حەوزی ئاوی گوندەكە پڕ نابێت،چونكە لە چیاكەوە ئاوەكە دێتە گوندی زۆری دەوێت، چارەسەر ئەوەیە ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ كاتژمێر كارەبا هەبێت، یاخود مۆلیدەی گەورە بۆ پڕۆژەی ئاوی گوندەكە دابین بكرێت، تا چیتر تووشی ئەو گرفتە نەبینەوە.

ئیسماعیل سەعید
ئیسماعیل سەعید

بە وتەى ئەو هاوڵاتییە تا ئێستا هیچ كەسێك لەلایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت سەردانى نەکردون و نەچوون بەدەم کێشەکەیانەوە، بۆیە وەک خۆی باسی دەکات، تا كێشەی كەمی كارەبای نیشتمانی چارەسەر نەكرێت گوندەكانیشیان بەبێ ئاوی دەمێنێتەوە.

جگە لە گوندی گۆمەتاڵ، هەموو ئەو گوندانەی كە پڕۆژەی ئاوەكانیان لە ژێر زەوی و بە ڕێگەی بیری ئیتیوازی بۆیان دابین كراوە، لەئێستادا كێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروست بووە، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی كە لە فەرمانگەی ئاوی شارەدێی دێگەڵە دەست ڕۆژنیوز كەوتووە،زیاتر لە١٠ گوندی سنوورەكە كێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

هەرچەندە ڕۆژنیوز، سەردانی فەرمانگەی ئاوی شارەدێی دێگەڵەی كرد، تا قسەی ئەوان وەربگرێت لەسەر گرفتەكە، بەڵام بە هۆی ئەوەی بەپرسی فەرمانگەكە لە شوێنی كارەكەی نەبوو، ئامادە نەبوون قسە بكەن.

هـ.ح

Comments are closed.