لە ئەڵمانیا بە مەراسیمێکی شکۆدار یادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم کرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی دێرسیم، مەڕاسیمێکی شکۆدار بە بەشداری سەدان کورد و ئازادییخواز ئەنجام درا.

بەبۆنەی ٧٨ ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم، کە ٤ـی نیسانی ١٩٣٧ دەستی پێ کرد و تا ساڵی ١٩٣٨ بەردەوام بوو، بە سەرپەرشتی فەدا و کۆنگرەی بونیادنانەوەی دێرسیم و فیدراسیۆنی یەکێتی عەلەویەکان لە ئەورووپا، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا مەڕاسیمێکی یادکردنەوەیان ئەنجامدا، لە چالاکییەکەدا وێنەی سەید ڕەزا و قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە هەڵواسران پانکارتەکان بە تورکی و کوردی و ئەڵمانی بەرز کرانەوە.

چەندین کورد و ئازادییخواز نوێنەری ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی ئەڵمانیا بەشداری چالاکییەکە بوون، دواتر لەسەر ناوی فەدا، پیر جەمال جانان بانگەوازی کرد بۆ یەکگرتنی کوردان لەپێناو ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی نوێ.

لەسەر ناوی کۆنگرەی بونیادنانەوەی دێرسیم، هولیا یەر ڕایگەیاند پێویستە ئەوەی لە دێرسیم ڕوویداوە بە کۆمەڵکوژیی بناسێنرێت، پاشان هونەرمەندانی دێرسیم هاتنەسەر شانۆ و بەرهەمە هونەرییەکانیان پێشکەش کرد و یادەکە کۆتایی هات.

ب.گ

Comments are closed.