کەجەدەکە-ئە: لەسەر کۆمەڵکوژیی دێرسیم لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک دەکەین

ناوەندی هەواڵەکان

کەجەدەکە-ئە بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی دێرسیمەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ” گەلی دێرسیم بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادیی، لێپرسینەوەی ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دەوڵەتی قڕکەری تورک دەکەن.”

بەبۆنەی ٧٨ ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیم، کە ٤ـی نیسانی ١٩٣٧ دەستی پێ کرد و تا ساڵی ١٩٣٨ بەردەوام بوو، کۆنگرەی کۆمەڵگە دیموکراتیکەکانی کوردستانیان لە ئەوروپا – کەجەدەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

 لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەدەکە-ئە هاتووە: “لە ٤ـی ئایاری ١٩٣٧ لە دێرسیم لەلایەن دەوڵەتی قڕکەری تورکەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی گەلی کورد و عەلەوییەکان دەستی پێ کرد، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمی ١٦ هەزار کەس کۆمەڵکوژ کران، بەڵام بەگوێرەی گەلی دێرسیم وەک شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە ٧٠ هەزار کەس کە زۆربەیان پیر و ژن و مناڵ بوون، شەهید کراون.”

کەجەدەکە-ئە ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕووداوە وەک یەکێک لە دڕندانەترین کۆمەڵکوژییەکان چووەتە نێو مێژووەوە، گەلی دێرسیم بە فیشەک و گازی کیمایی و هەڵدانەخوارەوە لە بەرزایی و سووتاندن شەهید کران، دەیان هەزار کوردی عەلەوی لەلایەن دەوڵەتی قڕکەری تورکەوە کۆمەڵکوژکران و ئەم ستەمەش هەمیشە وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی مێژووی دەوڵەتی تورکەوە دەمێنێتەوە.

کەجەدەکە-ئە دووپاتی دەکاتەوە، ئەم کۆمەڵکوژییە لای کوردان و گەلی دێرسیم لەیاد ناکرێت و دەڵێت: “گەلی دێرسیم بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادیی، لێپرسینەوەی ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دەوڵەتی قڕکەری تورک دەکات.”

کەجەدەکە-ئە دەڵێت: “دەوڵەتی قڕکەری تورک وەک بەرپرسیاری کۆمەڵکوژییەکە، شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە، بەهۆی ئەم کۆمەڵکوژییانەوە، لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک دەکەین، دژی ئەو هێزە کۆمەڵکوژکەرانەی دەیانەوێت گەلی کورد قڕ بکەن، بەپێداگرییەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەین.”

ب.گ

Comments are closed.