کەسوکاری زیندانییان لە دژی گۆشەگیریی چوونە بەردەم وەزارەتی داد

ناوەندی هەواڵەکان

کەسوکاری زیندانییان لە چوارچێوەی چالاکی “دەنگ بدە ئازادیی” بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد چوونە بەردەم وەزارەتی دادی تورکیا و ڕایانگەیاند: “ئێوەش دانی پێدا نەنێن، گۆشەگیری هەیە، ئێمە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لێرەین.”

لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە سەرانسەری جیهان هەڵمەتی “ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد” دەستی پێ کرد.

زیندانییانی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیاش دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد، لە ٤ـی نیسان چالاکییەکەیان بردە قۆناغێکی نوێ و چاوپێکەوتن و تەلەفۆن و چوونە دادگایان بایکۆت کرد وەک هەڵوێستێک دژی گۆشەگیریی.

هاوکات کەسوکاری زیندانییان دەستیان بە ئێشکگری دادپەروەریی کرد، پاشان چالاکییەکەیان بردە قۆناغێکی نوێوە و ئەمڕۆ بۆ پشتگیری لە زیندانییان ویستیان لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری داد کۆببنەوە، بەڵام کاتێک سەرلەبەیانی ویستیان بچنە بەردەم وەزارەت ڕێگەیان لێ گیرا.

پەرلەمانتارانی دەم پارتی و کەسوکاری زیندانییان لە پەرلەمانەوە هاتنە بەردەم وەزارەت، بەڵام ڕێگە نەدرا لە پاسەکان دابەزن، پۆلیسەکان بە دایکانیان وت: “پێویست بە قەرەباڵغی ناکات” و ڕێگە نادەن چاویان بە وەزیری داد بکەوێت.”

پەرلەمانتاری دەم پارتی، سیری ساکیک بە پۆلیسەکانی وت: “ئێوە کێن؟ کەس ناتوانێت لەودیو شوشە تاریکەکانەوە فەرمانمان پێ بکات، ئەگەر پێویست بکات تێدەکۆشین، دایکان ئەمڕۆ هەرچیان بوێت ئێمە دەیکەین”.

دایکان ناڕەزایەتییان بەرامبەر پۆلیس دەربڕی و ڕایانگەیاند ئەوان بۆ چارەسەر لەوێن و وتیان: “ئێوە ڕێگە نادەن قسە بکەین لێبووردنی گشتیی بۆ هەمووان دەردەکەن، بەڵام ڕۆڵەکانمان لە زیندان دەهێڵنەوە، ئێمە دەڵێین با گۆشەگیری هەڵبگیرێت، بۆ ئەم مەبەستە لێرەین، بۆ وەستانی خوێن لێرەین، موخاتەبی ئێمە وەزیری دادە”.

پاش ئەوەی ڕێگەیان لێ گیرا بچنە وەزارەتی داد، دایکان لەبەردەم دەرگای پەرلەمان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست.

دواتر بە درووشمی “بژی بەرخۆدانی زیندان” و “ماف، یاسا، دادپەروەریی” چوونە نێو پەرلەمانەوە.

ب.گ

Comments are closed.