کۆتایی ئەم مانگە سەرژمێری ئەزموونی دانیشتوانی عێراق بەڕێوەدەچێت

ناوەندی هەواڵەکان

بەپێی بڕیاری حکومەتى عێراق ئەم مانگە وەک ئامادەکارییەک بۆ سەرژمێری گشتیی، بریارە ئەم مانگە سەرژمێریی ئەزموونی دانیشتوانی عێراق بەڕێوە بچێت، هاوکات لە بری بەکارهێنانی فۆڕمی کاغەز سیستەمی ئەلکترۆنی بەکاردەهێنرێت و پرسیارکردنیش لەسەر نەتەوە لە سەرژمێرییەکە لادەبرێت.

حکومەتى عێراق لەبارەی سەرژمێریی گشتیی لە سەرتاسەریی عێراق بڕیاری کۆتایی دا کە بەدوو قۆناغ سەرژمێرییەکە ئەنجام دەدرێت، یەکێکیان ئەزموونى دەبێت و ئەوی دیکەشیان فەرمی و گشتیی دەبێت.

بەپێی بریاری حکومەتى عیراق  بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ سەرژمێری بۆ دانیشتوانی عێراق ئەنجام بدرێت و وەک وەک ئامادەکارییەک بۆ دڵنایی سەرخستنی پڕۆسەی سەرژمێرییەکە لە ٢٠ـی ئەم مانگەدا سەرژمێریی ئەزمونیی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچن.

سەرژمێرییە ئەزموونییەکە لە ٣٦ ناوچەی دیاریکراوی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام پێشتر سەرژمێرکاران کە ژمارەیان ٦٠٠ کەسە، بۆ ئەزموونێک دەبرێنە دوو ناوچەى شاری بەغدا.

لەوبارەیەوە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندوە، لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتیی لە ئەمریکا و فینلەندا و کەنەدا و چین، گرێبەستی تایبەت بە تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراقیان واژۆ کردووە، وتیشی، جگە لە ژمارەى دانیشتوان، زانیاریی دیکە لەبارەى خێزانەکان و یەکەی نیشتەجێبونیان وەردەگیرێت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ١٢٠ هەزار ئامێری ئەلکترۆنی بۆ پڕۆسەی سەرژمێرییەکە ئامادەکراوە و زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەرژمێریکاریش بەشدار دەبن لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتواندا.

هەر لەسەر ئەو پرسە، مەهدی عەلاق ڕاوێژکاری نیشتمانیی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوان ڕایگەیاند: ئەو فۆڕمە کاغەزییەی پێشتر بەکارهاتووە، لە سەرژمێرییەکەی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لادەبرێت و دەکرێتە سیستەمی ئەلکترۆنی.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لە رێگەی ئامێرێکی تابلێتەوە سەرجەم تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و ئابووری و تەندروستی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق تۆمارکراوە، وتیشی، پرسیار لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە نەتەوە و ناوچە جێناکۆکەکان لە سەرژمێرییەکە لابراون تا هەستیاری و کێشە دروست نەکەن، بەو پێیەی ئامانج لە سەرژمێرییەکە دیاریکردنی ژمارەی نەتەوە جیاوازەکان نابێت.

دواین سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٩٧ لە پارێزگاکانى عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام هەرێمی کوردستانى نەگرتووەتەوە، چونکە ئەوکات هەرێم لەژێر دەسەڵاتی حکومەتى عێراقدا نەبوو، خۆی ئیدارە و حکومەتى هەبوو، بۆیە بۆ زۆربەى پرسەکان پشت بە ئاماری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٨ دەبەسترا کە ئەو کات لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمیش لە ئەنجام دراوە.

هـ.ح

Comments are closed.