ڕووسیا هێرشی کردە سەر خارکیڤ و بەرەیەکی نوێی شەڕی کردەوە

ناوەندی هەواڵەکان

هێزەکانی ڕووسیا هێرشێکی زەمینییان کردە سەر خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین، کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینە، بەمەش بەرەیەکی نوێیان لە جەنگەکەدا کردەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئۆکراین ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕووسیا هێرشێکی زەمینییان کردووەتە سەر خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان، ئەوانیش هێزی پشتیوانییان ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمەکە کردووە، هاوکات ڕووسیا بۆردوومانی شارۆچکەی ڤۆڤچانسکی پێشەوەی هەرێمەکەیان کردووە.

سەرۆکی ئۆکراین ڤلۆدیمیر زیلێنسکی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە کیێڤ ڕایگەیاند: “ڕووسیا دەستیکردووە بە ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە لەم ئاڕاستەیەوە، ئێستا شەڕێکی سەخت هەیە.”

ئۆکراین هۆشداری دابوو لەسەر بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەش دا ئەو هێزانە ئامادەکاری بۆ هێرشێک دەکەن، بەڵام ڕوون نەبوو، کە ئایا مۆسکۆ بە نیازی هێرشکردنە یاخود نا.

زیلینسکی وتیشی ڕووسیا ڕەنگە ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی لەم بەهارە یاخود هاوین هێرشێکی زەمینی گەورە ئەنجام بدات، هێزەکانی ئۆکراین ئامادەبوون بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەمڕۆ، بەڵام ڕەنگە مۆسکۆ هێزی زیاتر بنێرێت بۆ ناوچەکە.

وەزارەتی بەرگریی ئۆکراین ڕاشیگەیاند: “ئەمڕۆ نزیکی کاتژمێر ٥ـی بەیانی، هەوڵێک هەبوو لەلایەن دوژمنەوە بۆ دزەکردنە ناو هێڵەکانی بەرگرییمانەوە، تا ئێستا ئەم هێرشانە بەرپەرچدراونەتەوە و شەڕەکە بەردەوامە.”

لەمبارەیەوە، فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلی سینیهوبۆڤ وتی: بەهۆی بۆردوومانکردنی ناوچە مەدەنینشینەکانی سەر سنوورەوە لەلایەن ڕووسیاوە لانیکەم دوو هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و پێنج هاوڵاتی دیکە بریندار بوون.

ب.گ

Comments are closed.