ناوەندی هەواڵەکان
تەڤگەری ئازادیی جەخت دەکاتەوە، دەوڵەتی فاشستی تورکیا ھەرگیز ناتوانێت لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە بە ئامانج بگات، دەشڵێت: سزادانی سیاسەتمەداران و چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی بڕیاری بەردەوامیدانە بە سیاسەتی شەڕ و نکوڵیکردن لە بوون و ناسنامەی گەلی کورد.
دادگای تورکیا بەشێوەیەکی نادادپەروەردانە و نا مرۆڤانە لەسەر دۆسێیەى کۆبانێ بڕیاری کۆتاییدا و ئەحمەد تورک، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە ڕێکخستن” سزای ١٠ ساڵ زیندانی و دەمیرتاش ٤٢ ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ ٣٢ ساڵ و نۆ مانگ سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، لەو بارەیەوە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
تەڤگەری ئازادیی لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: دەوڵەتی فاشستی تورکیا ١٠٠ ساڵە بەو شێوازە بەردەوامە و ھەرگیزیش ناتوانێت لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە بەئامانج بگات سزادانی سیاسەتمەدارانی وەک “سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورک، فیگەن یوکسەکداخ” و چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی بریاڕی بەردەوامیی دانە بە سیاسەتی شەڕ و نکوڵیی کردن لە بوون و ناسنامەی گەلی کورد.
درێژەی ڕاگەیەندراوەکەى تەڤگەری ئازادیی بەمجۆرەیە:
دۆزی کۆبانی دۆزی گەلی کوردستانە
حکومەتی فاشیستی ئەکەپە و مەھەپە، سەرەڕای شکستەکانیان لە گۆڕەپانەکانی شەڕ لە چیاکانی کوردستان و دواجاریش لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣١ ی ئادار، وەک دوا پەلەقاژەیان لە رێگەی دادگاکانیانەوە تۆڵەی شکستەکانیان دەکەنەوە. شەڕی ئازادیی کۆبانی وەک خاڵی وەرچەرخانی شکستی پرۆژەکەی ئەروغان «داعش»بوو کە لەلایەن گەلی کورد و شەڕڤانانی ئازادییەوە شکستی پێھێنرا، ئەگەر ئەمڕۆ دادگای تورکیا سزای رێبەرانی کورد لە باکوری کوردستان لەسەر ئەو دۆسیەیە بدات و سزای دەیان ساڵ زیندانییان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوە گومانی تیادا نییە ئەگەر دەسەڵاتیان ھەبێت و بتوانن ئەوا سزای گرانتر بەسەر ھەموو ئەوانەدا ئەدەن کە رۆڵیان ھەبووە، لە شەڕی ئازادیی کۆبانی و ھەموو ئەوانەی رۆژێک دژی تیرۆرستانی داعش شەڕیان کردووە.
دەبێت ھەر تاکێکی کوردی ئازاد و خاوەن ویژدان، راستیی ئەو دەوڵەتە دژ بەکوردە باش بناسێت، دەوڵەتی فاشستی تورکیا سەد ساڵە بەو شێوازە بەردەوامە و ھەرگیزیش ناتوانێت لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە بەئامانج بگات. سزادانی سیاسەتمەدارانی وەک رێزدار “سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورک، فیگەن یوکسەکداخ” و چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی بڕیاڕی بەردەوامیی دانە بە سیاسەتی شەڕ و نکوڵیی کردن لە بوون و ناسنامەی گەلی کورد، هەر بۆیە بە توندیی بڕیاری ٨٤ مین دانیشتنی دادگای ئەنقەرە بۆ سەر سیاسەتمەداران و چالاکوانانی کورد، لە دۆزی کۆبانی دا ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین.
لێرەوە پێویستە ھێزە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە داعش، لە ئاستی جیھان و ناوچەکەدا خاوەن ھەڵوێستی یاسایی و ئەخلاقیی بن، لەبەرامبەر ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیەی دادگای سزای ئەنقەرە. داوا لە گەلەکەمان و پارێزەران و مافپەروەرانی کورد و ئازادییخوازان دەکەین، تێکۆشان لە دژی فاشیزم و سیاسەتی گۆشەگیریی و نکوڵیی کردن لە بوون و ناسنامەی کورددان فراوانتر و بەھێزتر بکەن.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی ئازادییخوازن و گەلی کوردستان
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان – دەستەی بەرێوەبەری
٢٠٢٤/٥/١٧
Comments are closed.