“نابێت ژنان ڕۆڵی خۆیان کەمبکەنەوە لە پاراستنی کەلتووری نەتەوەکەیان”

هەرێم قادر

مامۆستایانی زانکۆ بەگرنگییەکی زۆرەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان دەڕوانن لە مانەوەی کەلتووری نەتەوەکەیاندا و دەڵێن: نابێت ژنان ئەو ڕۆڵە گرنگەی خۆیان کەمبکەنەوە، کە بە درێژایی مێژوو تائێستا بەردەوامییان پێداوە، ئەویش پاراستنی زمان و جلوبەرگ و بەھێزبونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە.

بە درێژای مێژوو ژنانی کورد ڕۆڵی گەورە و کاریگەرییان ھەبووە لە پاراستن و مانەوەی کەلتووری نەتەوەکەیاندا، لەو ڕووەشەوە مامۆستایانی زانکۆ قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد.

سەرەتا دکتۆر سارا کەمال مامۆستا لە بەشی زمانی ئینگلیزیی زانکۆی سلێمانی وتی: زمان بەشێکی گرنگی کەلتووری ھەموو نەتەوەیەکە، ژنانیش کاریگەری زۆریان ھەیە لە پاراستنی زمانیی کوردیی، ئەویش بەوەی چۆن لەگەڵ منداڵەکانیدا قسە و ئاخاوتن دەکات، زۆرترین شتی کەلتووری نەتەوەکەیانیان پێ دەڵێت، بۆیە گرنگە و ژنان نابێت ئەو ڕۆڵە گەورەی خۆیان کەم بکەنەوە، لە ناساندنی کەلتووری نەتەوەکەی بە منداڵەکانیان.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتیشی: نابێت دایکان و باوکان شانازی بەوە بکەن، بڵێن منداڵەکەمان زمانی بێگانە دەزانێت، ڕێزی منداڵ لە زمانی دایکەوە وەردەگیرێت، خۆشم وەک دایک و ژنێک بەھەموو جۆرێک کەلتووری کوردی لە مێشکی منداڵەکانم دەچەسپێنم، لایەنی پەیوەندیدار و حکومەتیش پێویستە سیاسەتی زمان جێبەجێبکات، چونکە بەسیاسەت دەتوانیت زمانەکەت بپارێزیت.

سارا کەمال
سارا کەمال

سارا کەمال باسی لەوەشکرد، حکومەت دەبێت کەلتووری کوردیی لای خەڵکی خۆشەویست بکات بەھەموو شتەکانییەوە، ئەویش بەدانانی بەرنامەیەک بەوەی ژن و پیاو مەبائیدی کوردییان خۆشبوێت، دەبێت ھەموو ئەوانە بەسیاسەت ڕێکبکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە سەرکردەکانیش باشبن لەگەڵ میللەتدا بۆ ئەوەی خەڵک کوردیی خۆشبوێت.

دەربارەی هەمان پرس میھرەبان سەعید مامۆستای زانکۆ وتی: ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە پاراستن و گەیاندنی

کەلتووری کوردیی، زمانی کوردیی ھەر لە ڕێگەی دایک و ژنانەوە دەگوزارێتەوە بۆ منداڵەکانیان، ئەوەش هۆشیاری زۆری دەوێت پێویستە ژنان ئەوەندە ئاستی زانستیان بەرز بێت، زمانی کوردیی لای نەوەکانیان گەشەپێبدەن و دەوڵەمەندی بکەین، تا مەودا نەدرێت بەرەو کاڵبوەنەوە ھەنگاو بنێت.

میھرەبان سەعید
میھرەبان سەعید

وتیشی: ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا لەدەرگای ھەموو ماڵ و نەتەوەکانی داوە، ئەوەش ئەرکێکی قورسە، کەوا چۆن خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو لێشاوەی لەگەڵ خۆی ھێناویەتی لە کاڵبونەوەی کەلتووریی نەتەوەکەماندا، لەم قۆناغەشدا لە پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان ژنان دیسان ڕۆڵی کاریگەریان ھەیە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ بە نیگەرانیەوە باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ جلوبەرگی کوردیی کەمتر لەبەردەکرێت و وتی: جلوبەرگی کوردیی یەکێکە لە کەلتوورە تەواو جوان و جیاوازەکانی گەلەکەمان، وای لێھاتوە تەنھا لە بۆنەکاندا لەبەردەکرێت، گرنگە ژنان ئەو مۆرکە نەتەوەییە بگوازنەوە بۆ منداڵ و نەوەکانیان.

ش. ئـ

Comments are closed.