چالاکوانانی گەرمیان: دەبێت لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک گەل ڕاپەڕێت

گەرمیان

دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەنها بە لەشکرکێشییەکانی بۆسەر باشووری کوردستان نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی سنووری دهۆک بازگەی داناوە و لێپرسینەوە لە هاوڵاتییان دەکات، چالاکوانانی گەرمیانیش دەڵێن: داواکردنی ناسنامە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە عەیبەیەکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێم، داواشدەکەن، گەل یەکبگرێت و لە دژی ئەو داگیرکارییە ڕاپەڕن.

هەر کات دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە چیاکانی کوردستان شکستی هێنابێت، هێرشی کردووەتە سەر شار و گوند و خەڵکی مەدەنی، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا نزیکەی هەزار سەربازی بە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە ڕەوانەی سنووری پارێزگای دهۆک کردووە، ئەو هێزە لە ئێستادا بازگەیان داناوە و داوای ناسنامە لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەموو سنوورێکی سیاسیی و ئەخلاقی تێپەڕاندووە.

لە بارەی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی باشووری کوردستان، هەروەها بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێم چالاکوانانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

دلێر کەریم، لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوشێوەی ئەنفالی گەلی باشووری کوردستان زانی و وتی: هاتنی سوپای دەوڵەتی تورک بۆ ناو

دلێر کەریم
دلێر کەریم

شارەکانی باشووری کوردستان، یەکێکە لە بنەماکانی تاوان لە ئاستی نێودەوڵەتی، وڵاتانی نێودەڵەتی لە پرۆسەی ئەنفال دەیانوت ئێمە ئاگادار نەبووینە، بەڵام خۆ ئێستا سوپای تورک بە ئاشکرا دەبینرێت لە ناو شارەکان، ڕەز و باخی خەڵک دەسوتێنن و گەنجەکانمان شەهید دەکەن بە ئاشکرا.

وتیشی: داواکردنی ناسنامە لە خەڵکی باشوور عەیبەیە بۆ حکومەتی هەرێم، کاتێک سوپای تورک داوای ناسنامە لە خەڵک دەکات ئەی حکومەت لە کوێیە، لە دۆخێکی ئاوادا ئەبێت خەڵک بێتە دەنگ، هاوشێوەی پێشوو کە سوپای ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە لایەن خەڵکەوە بەردباران کرا، ئەبێت گەل دژی ئەو داگیرکارییە ڕاپەڕێت، سنوورێکیان بۆ دابنێت و پێیان بڵێت ئەم شوێنە هی ئێوە نییە.

هەروەها ڕێبوار عەبدولکەریم، چالاکوان لە بارەی مەترسیی ئەو داگیرکارییانە بە ڕۆژنیوزی وت: هاتنی سوپای هەر وڵاتێک

ڕێبوار عەبدولکەریم
ڕێبوار عەبدولکەریم

بۆ سەر باشووری کورستان مەترسیدارە، ئێمە تا ئێستاش کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانمان هەیە، ئێستاش سوپای دەوڵەتی تورک هاتووەتە نێو شار و گوندەکان، وەک ئەوە وایە لە دەرگای ماڵەکانمان هاتبێتە ژوورەوە، بۆیە دەبێت بەربەستێک بۆ ئەمە دابنرێت.

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وڵاتپارێزان و مامۆستایانی ئاینی هەڵوێستیان هەبێت، بەرانبەر ئەو بێڕێزیانەی دەکرێتە سەر خەڵکی کوردستان، مەترسییەکی زۆر گەورەیە هاتوونەتە ناو شارەکان و داوای ناسنامە لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکەن، ئەم مەترسییەش لە دهۆکەوە تا گەرمیان دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق و پەرلەمان بە دەنگ ئەمەوە بێن و نوێنەری دەوڵەتی تورک بانگ بکەن.

لە کۆتاییدا وتیشی: هەموو خەباتێک بەرانبەر بە دووژمن پیرۆزە، پێویستە سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم شەهیدەکانیان دابنێین، چونکە ئەوەی گەریلا دەیکات تەنها بەرگریی نییە لە خۆیان و ڕێبازێک بەڵکو بەرگرییە لە گەلێک، دەوڵەتی تورک کیشەی لەگەڵ کورد و ناسنامەکەی هەیە، پەکەکە لە چیاکان بەرگریی لە هەموو کورد دەکات، شکاندنی بەربەستی پەکەکە شکاندنی هەموو بەربەستەکانە لەبەردەم داگیرکەراندا.

لەگەڵ لەشکركێشییەکانی بۆ گوند و شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە ‌هێرشی ئاسمانیی بۆسەر تەواوی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان و هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت، بە هۆشییەوە تا ئێستا ١٠ هاوڵاتی مەدەنیی شەهید و چواری دیکەش برینداربوون.

ب. جـ

Comments are closed.