پارێزەرێک: گۆشەگیریی سەر رێبەر ئۆجالان نایاساییە و پێویستە بشکێندرێت

سلێمانی

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوور لە یاسا نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی تورکیاش گۆشەگیریی ناڕەوا لە سەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوە دەبات، پارێزەر نەریمان ئەحمەد لەو بارەیەوە دەڵێت: گۆشەگیریی ڕێبەر ئۆجالان نایاساییە، پێویستە بشکێندرێت، چونکە ستەمێکی گەورەیە.

بە بیانووی جیاواز و ناڕەوا، دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکان و بەپێشێلکردنی یاساکانی نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی تورکیا، زیاتر لە ٣٩ مانگە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕێگە نادات پارێزە و خانەوادەی رێبەر ئۆجالان سەردانی ئیمرالی بکەن، گۆشەگیرى سەر ڕێبەر ئۆجالان وایکردووە، گەلی کورد و ئازادییخوازن لە ڕەوش و تەندرووستی جەستەیی ڕێبەرەکەیان بێ هەواڵبن، لەو بارەیەوە پارێزەری ڕاوێژکار نەریمان ئەحمەد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەو پارێزەرە گۆشەگیری سەر ئیمراڵی بە نایاسایی و ناڕەوا باس دەکات، پێواییە دیداری پارێزەرەکان لە گەڵ ڕێبەر ئۆجالان ئاشتی پێش دەخات.

لە هیچ یاسایەکی تورکیادا گۆشەگیریی بوونی نییە

پارێزەر نەریمان ئەحمەد، لە بارەی گۆشەگیری ڕێبەر ئۆجالانەوە وتی: ئەو گۆشەگیرییەی لە ٢٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢١ـەوە، خراوتە سەر ڕێبەری گەلی کورد

نەریمان ئەحمەد
نەریمان ئەحمەد

و گەلانی ئازادییخواز و بندەست، بێگومان تا دوا ڕادە نا یاساییە، لە دەستوور و یاسای تورکیادا، گۆشەگیریی بوونی نییە، تەنیا بڕیارێکی سیاسیی دەوڵەتی تورک و ئاکاپەیە.

نەریمان ئەحمەد جەختی کردەوە، بە ناڕەوا زیاتر لە سێ ساڵ و سێ مانگە گۆشگیریی خراوەتە سەر بەڕێز ئۆجالان، کاتێکیش بڕیارێکی وەها دەدەن، پێویستە بە فەرمی ئەو بڕیارە بدەن، ئاشکرای بکەن کە گۆشەگیریی خراوەتە سەر زیندانییەک، لە هەمان کاتدا، دەبێت ئەو بڕیارە بگاتە دەست پارێزەرەکانی، بەڵام تا ئێستا بڕیارێکی وەها نەگەیشتووە بە دەستی پارێزەرەکانی، هەر لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکیان دا بە دەوڵەتی تورکیا، وتیان ئێمە ئێستا بڕیار لەسەر ئەو مامەڵەیە نادەین کە تورکیا بەرامبەر ئۆجالان دەیکات، تا ئەوکاتەی بڕیار دەدەین، پێویستە پارێزەرەکانی چاویان بە بەڕێز ئۆجالان بکەوێت، تا ئێستا تورکیا ئەمەشی پێک نەهێناوە.

دەوڵەتی تورکیا ڕێگریی لە سی پی تی دەکات ڕاپۆرتەکەی بڵاو بکاتەوە

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بە دواین سەردانی “کۆمیتەی دژە ئەشكەنجەی ئەوروپا-سی پی تی” بۆ ئیمرالی کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک ڕێکخراوی سی پی تی، سەردانی بەرێز ئۆجالانی کرد، دەبوایە لەو کاتەدا ڕاپۆرتی ژیان و گوزەرانی بەڕێز ئۆجالانیان بڵاوبکردایەتەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت کە لە چی دۆخێکدایە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات بە تەواوی نایاساییە، هەروەها دەبوایە ڕێگە چارەیەک بۆ ئەمە هەبوایە، لەوکاتەوە دەوڵەتی تورکیا ڕێگریی دەکات لەو ڕاپۆرتەی دەبوایە سی پی تی بڵای بکردایەتەوە، بۆیە پرسیار لەسەر تەواوی ڕێکخراوەکانی بەناو مافی مرۆڤ دروست بووەبە ئازادیی و دیمووکراسی بوونیانەوە.

وتیشی: لە هەمان کاتدا هەم سی پی تی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، سەر بە کۆنسەی ئەوروپان بە دەوڵەتی تورکیاشەوە، کەواتا لێرەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هیچ ڕۆڵێکی نییە، بۆیە ئەوەی لە تورکیا بەرامبەر بە ڕێبەر ئۆجالان دەکرێت، بە تەواوی نا یاسایی و نا دەستوورییە، هەر لە ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان زیندانی دیکەش هەیە، بە بیانووی جیاواز جیاواز، تورکیا ئەوانیش ئازاد ناکات.

بەڕێز ئۆجالان بە هەبوون و قسەکردنی لەگەڵ دەرەوەدا چارەسەرییەکی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت

سەبارەت بە گرنگی دیداری ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرەکانی، پارێزەر نەریمان ئەحمەد جەختی کردەوە: هەبوون و قسەکردنی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ دەرەوە چارەسەرییەکی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کاتێک بەڕێز ئۆجالان دەنگی بە دنیاى دەرەوە دەگەیشت و لەگەڵ پارێزەرەکانی دیداری ئەنجامدەدا، تورکیا بەرەو ئارامی ڕۆشتبوو، شەڕ هێور ببوەوە، پرۆسەی ئاشتیی لە ئارادابوو، بە بڕوای ئێمە کاریگەریی بەڕێز ئۆجالان ئەوەندە زۆرە لەسەر گەلی کورد، کە دەبێت هەموو گەلی کورد هەوڵی ئەوە بدات، ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر بەڕێزییان هەیە بیشكێنن لە هەموو بەشەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی دەنگی بە گەلی کورد بگات و بەشداربێت لە پرۆسەی سیاسیی لە کوردستاندا.

دوو مانگ بەر لە ئێستا نزیکەی هەزار و ٣٠٠ پارێزەر سەردانی وەزارەتی دادی تورکییان کردووە

لە کۆتایی قسەکانیدا، پارێزەر نەریمان ئەحمەد، باسی لە ڕۆڵ و هەڵوێستی پارێزەران کرد و وتی: دوو مانگ بەر لە ئێستا نزیکەی هەزار و ٣٠٠ پارێزەر سەردانی وەزارەتی دادی تورکییان کردووە، بۆ ئەوەی ئەو گۆشەگیرییە لەسەر بەڕێز ئۆجالان بشكێنن، وەکو ئەوە ببنە پارێزەری بەڕێز ئۆجالان، بەڵام تورکیا وەڵامی ئەو ژمارە پارێزەرەی باکووری کوردستان و تورکیاى نەداوەتەوە، ئەوەنەی من لە نزیکەوە چاودێری دەکەم بە نزیکەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو ئامادەییان دەربڕییوە، تەنانەت لە ئەوروپاش لە نەتەوە جیاوازەکان پارێزەران ئامادەییان دەربڕیوە، چونکە ئەوەی بەرامبەر بەڕێز ئۆجالان ئەنجام دەدرێت ستەمێکی ئاشکرایە.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا بە بەشداری هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، ڕووسیا، ئیسرائیل، تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی ناتۆ و دەزگا هەواڵگیرییەکانی “میت، مۆساد و سی ئای ئەی” لە وڵاتی کینیا ڕفێندرا و لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیر کرا، ماوەی زیاتر لە ٣٩ مانگیشە ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت دیداری لەگەڵدا ئەنجامبدەن و لە بارەی بارودۆخی تەندروستییەوە هیچ زانیارییەکیان پێناگات.

ب. جـ

Comments are closed.