پەدەکە و عێراق سیناریۆیەکی نوێیان لە دژی پەکەکە داتاشی

ناوەندی هەواڵەکان

پەدەکە و حکومەتی عێراق تاوانەکانی گرووپە نەتەوەپەرستەکانی دەوڵەتی تورک دەپارێزین و لە سیناریۆیەکی داتاشراودا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکان دەخەنە ئەستۆی پەکەکە.

ئەمڕۆ، هەریەک لە میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق و هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، کە لە پشکی پەدەکەیە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بە سیناریۆیەک تۆمەتێکیان بۆ پەکەکە داتاشی.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا سەرەتا میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەگەڵ بیرهێنانەوەی مێژووی سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکووک و دهۆک ڕایگەیاند، ئەو گرووپەیان دەستگیر کردووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتوون سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەن.

پاشان شانۆکەی بۆ هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم جێهێشت و ئەویش ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون یەکێکیان بەناوی “هونەر فەخرەدین ئەحمەد” سەرپەرشتیاری گرووپەکە و کارمەندی هێزەکانی ٧٠ـی سەر بە یەنەکەیە، هەروەها یەکێکی دیکەیان بە ناوی “محەممەد نەجات حەسەن”ـە و ئەفسەری دژەتیرۆری سلێمانییە.

بەمشێوەیە هەردوو بەرپرس قسەکانی خۆیان بە درۆ دەخەنەوە و بۆ باسکردنی سیناریۆکەیان نەیانتوانی هەمان ئەو نووسین و پیلانە داتاشراوەی خۆیان بخوێننەوە.

ئەم سیناریۆیە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا، لە دوای هەر ئاگرکەوتنەوەیەک گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بە ناوی ” ڕێکخستنی پەیمانی میللی” لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیان بەرپرسیارێتیان لە ئاگرکەوتنەوەکان ڕادەگەیاند، بەڵام نە حکومەتی عیراق و نە ماوەبەسەرچووی هەڕێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕاگەیاندراویان لە بارەی ئەو گرووپەوە بڵاونەکردەوە و بە بەرچاویانەوە بازاڕەکانیان ئاگر تێبەردەدا.

دیوێکی دیکەی ئەم سیناریۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، سەرانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەمساڵدا چەندین سەردانی یەک لە دوای یەکیان بۆ بەغدا و هەولێر ئەنجامدا، ئامانجیشیان ئەوەبوو کە هاوشێوەی پەدەکە عێراقیش لە هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە تێوەبگلێنن، ئێستاش حکومەتی عێراق و پەدەکە بە داتاشینی ئەم سیناریۆیە دەیانەوێت هاوکاریی خۆیان بۆ دەوڵەتی تورک دووپاتبکەنەوە.

لە ٢٢ـی مانگی ڕابردووەوە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەریەک دەوڵەتی داگیرکەری تورک نزیکەی هەزار سەربازی بە ٣٠٠ تانک و زرێپۆشەوە ڕەوانەی سنووری بەرواری باڵا لە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد، ئامانجیش لەم لەشکرکێشییە داگیرکردنی زیاتری خاکی باشووری کوردستانە، بەڵام ئەوەی کە ڕێگە بە داگیرکاریی نادات و وەڵامی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەداتەوە تەنها گەریلاکانی ئازادیی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەیە، لە ئێستاشدا بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بەو هێرشە داگیرکارییە بدرێت ئەم سیناریۆیە داتاشراوە.

هەروەها بە وتەی بەشێک لە چاودێران لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکاندا، باس لەوە دەکرا کە سەرانی بنەماڵەی بارزانی خۆیان ئاگر لە بازاڕەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی دوکانداران و کاسبکاران بازاڕەکە چۆڵ بکەن و لە شوێنی بازاڕەکە بینا و باڵەخانەی بازرگانی دروستبکەن.

هەر لە دوای کۆتڕۆڵکردنی ئاگرەکاندا، بەرپرسانی ئیداری هەولێر و دهۆک لە بەردەم مایکی ڕۆژنامەنووساندا چەندین جار دووپاتیان کردەوە کە هۆکاری ئاگرەکان تەنها شۆڕتی کارەبان، بەڵام لەم سیناریۆیەشدا بە هیچ جۆرێک ئەرزشێک بۆ وتەکانی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک دانەنرا.

لە ئێستادا وتەکانی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، گومانی لەلای توێژە جیاوازەکان دروست کردووە و دەڵێن: ئێستاش نەمانزانی ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون پەکەکەن یان یەنەکەن یان قوربانی سیناریۆیەکی داتاشراون.

ب. جـ

 

 ب. جـ

Comments are closed.