سەعدی پیرە:پەدەکە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن ئەم تۆمەتە قێزەونانە دادەڕێژێت

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی یەنەکە ڕایدەگەیەنێت، ئەمجۆرە تۆمەتە قێزەونانە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، چونکە پارتى لە هەڵبژاردن دەترسێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەنەکە ئێوارەى ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە تۆمەتەکانى وەزارەتى ناوخۆی هەرێم و عێراق ئەنجامدا.

سەعدی پیرە لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: پێشتر چەندین جار وەک تیمی یەکێتى لە حکومەتدا و وەک قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی سووتاندنى دووکانەکانمان ئیدانە کردوە و پێشتر داوامان لە حکومەت کردوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی سووتاندنەکانی هەولێرو دهۆک و کەرکووک بکات.

وتیشی: کێشە ناوخۆییەکانى هەڵبژاردن ناوخۆی پارتى سیناریۆیەکە بۆ تێکدانى هەڵبژاردنى هەرێم، ئەم جۆرە تۆمەتە قێزەونانە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانە، چونکە پارتى لە هەڵبژاردن دەترسێت و نایەوێت هەلبژاردن بکرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، پرسی ئاشکرابوونى بکەرانى ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە کراوە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، وتیشی: لەبەر ئەوەى ڕاوێژمان قبوڵ نەکرد بۆ دواخستنى هەڵبژاردن، بۆیە سیناریۆی قێزەون دادەڕێژن.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاشکراشی کرد، زیاتر لە ٣٠٠ تیرۆرستی داعش هاتوونەتە بەرواری باڵا، ئێستاش سلێمانی قوربانى ڕاپۆرتە درۆیینەکانى هەندێک لایەنە بۆ تورکیا.

پیرە ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ گوێمان لە قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق بوو زانیارییەكانی گواستەوە بەبێ ئەوەی ناوی هیچ هێزێك بهێنێت، بەڵام وتەبێژەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تۆمەتی بەخشییەوە، ئێستا خۆمان ئامادەكەین بۆ هەڵبژاردن نەك بۆ شەڕی ناوخۆ”.
وتیشی، پێشتر هەوڵدرا قسەمان لەگەڵ بكرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام ئێمە ڕەتمانكردەوە و ئەوەی ئێستا هەیە جۆرێكە لە دروستكردنی كێشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

هـ.ح

Comments are closed.