لە دژی گۆشەگیری ڕێبەر ئۆجالان مێزگردێک لە سلێمانی بەڕێوەچوو

ناوەندی هەواڵەکان

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکان لە دژی گۆشەگیری ڕێبەر ئۆجالان و پرسی ئاشتی، کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، مێزگردێکیان بۆ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و نووسەر و لێکۆڵەر ڕێکخست، کە تێیدا باسیان لە گرنگی و تێزەکانی رێبەر ئۆجالانکرد و دەڵێن:ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ، زیندووکردنەوە و ڕزگاکردنی ئەو ژنەیە کە وەکوو یەکەمین کۆیلە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەسەڵاتی لە سەر پیادە دەکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، دژ بە گۆشەگیری ڕێبەر ئۆجالان، مێزگردێک بەڕێوەچوو، کە لە لایەن کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالانەوە ڕێکخرابوو، بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری بواری مافەکانی گەنج و نوسەری بواری ژنان و ڕۆشبیر، لە مێزگردەکەدا، تیشکخرایە سەر هۆکارەکان و بەردەوامی گۆشەگیری ڕێبەر ئۆجالان و شیکردنەوە بۆ بەشێک تێزەکانی ڕێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا.

مێزگردەکە لە لایەن نەورۆز فازڵ ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بەڕێوەبرا، بۆ هەر یەک لە نووسەر عادل عوسمان، سنوور ڕەحمان نوسەری بواری ژنان،  هەردی دولبەر نووسەر و ڕۆژنامەنووس، هاوژین شوانە میدیاکار و خەباتکاری بواری گەنجان، ئاسۆ جەوهەر ڕەخنەگر و ڕۆژننامەنووس بەڕێوچوو.

سەرەتای مێزگردەکە، نووسەر عادل عوسمان لە بارەی پرسی کەسێتی ڕێبەر ئۆجالانەوە وتی: دیارە کەسێتی گرنگیەکی تایبەتی هەیە لە هەر تێکۆشانێکدا، هەروەها کەسێتی بە گوێرەی ئامانج دیاری دەکرێت،  هەروەها ئەو پارادایمەی لە سەری دەوەستێت چییە، گرفتی ئێمەش لە باشووری کوردستاندا، کەسێتی بە گوێرەی ئەو ئامانج و تێکۆشانە دیاری ناکرێت کە هەیە، خودی ڕێبەر ئۆجالان لە سەر پرسی کەسێتی ڕاوەستەی گرنگی هەیە، کە چۆن کەسێتیەکی بە واتا پەروەردە بکات.

ئاماژەى بەوەشکرد، بە کەسێتی خۆشی دەتوانێت وەڵامی ئەو قەیرانانە بداتەوە، شیکردنەوە بۆ ئەم قۆناغە بکات کە لە ناو قەیرانێکی بە ئازاردایە، هەروەها بە گوێرەی ئەوەش خۆی پەروەردە کردووە، ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتەی لە سەر شانێتی، بەڕێوەی ببات.

دواتر ڕۆژنامەنووسی بوارەکانی ژنان، سنوور ڕەحمان، لە بارەی تێزەکانی رێبەر ئۆجالان، وەکوو هەوێنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی، وتی: تیڕامان و خوودی کەسێتی ڕێبەر ئاپۆ، هەرە کاریگەرترین کەسایەتی کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسە دەکەین، ئەوەی زۆر ستراتیژیە لە خەباتی کورددا، شۆڕشی ژنە، فکر و ڕامانی رێبەر ئاپۆ، زیندووکردنەوە و ڕزگاکردنی ئەو ژنەیە کە وەکوو یەکەمین کۆیلە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەسەڵاتی لە سەر پیادە دەکرێت، کار دەکاتەو سەر هەبوون و بنیادی ئەو کارکتەرە، وەکوو هەبوونێکی کۆمەڵایەتی.

وتیشی: دەمەوێت لە کۆبوونەوەیەدا شەهیدانی مانگی حوزەیران بە بیربێنمەوە، زۆرترین ژنی شۆڕشگێڕی تێدا شەهیدبوونە، کە مانگی شەهیدانی ژنە، لەوانەش شەهید زیلان و شەهید سەما و شەهید شارستان و لەیلا ئاگری، شەهید ڕاپەڕین ئامەد، بێریڤان زیلان، زیلان پەپوولە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمی ئەو شەهیدانەیە دەتوانین بە شکۆوە لێرەوە باس لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکەین، هەم خەباتی خۆمان بکەین.

هەردی دولبەر نووسەر و ڕۆژننامەنووس، لە بارەی زیهنیەتی فاشیستی تورکیەوە وتی: وەکوو رێبەر ئاپۆ لە پەرتووکی دەوڵەتی راهیبی سۆمەر باسی دەکات، راستینەی کورد لە قۆناغی نیۆلۆتیکدا بەرجەستە دەبێت، قۆناغەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگە لە تیرەوە هەتا نەتەوە، لێکدابڕاو نین، یەکەمجار مرۆڤ کە دەبێتە خاوەن ئۆرگانێکی زیهنی، لە چرکەساتی دەرکەوتن و دروستبوونیدا، لە قۆناغی تیرەوە مرۆڤ دەبێتە خاوەن دنیابینی خۆی، لە تەوەری ژن سەرپێدەکەوێت، ئەو زیهنیەتە پانتاییەکی زۆر فراوانی لە گەڵ پرسی ژینگە پارێزیدا هەیە.

ڕوونیشیکردەوە، هەر لە ئاینە زاگرۆسیەکانەوە هەتا دەگات بە ئاینە ئاسمانییەکان، باس لە حەقیقەتی ژیان دەکەن، بەڵام چی ژیانێک، خودی ئازادیی و بەها ئەخلاقییەکان ، دەکەوێتە کوێی ئەو ژیانەوە، بەردەوام ئەو دوو هێڵەی باسم کرد لە تێکؤشاندان، کە یەکێکیان نوێنەرایەتی حەقیقەتی کۆمەڵگا دەکات کە لە هەناوی خۆیدا، ژینگەیەکی ئەخلاقی و ڕۆحی هەڵگرتووە، ئەوەی دیکەشیان گوزارشت لە زیهنیەتێکی پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازی دەکات.

میدیاکار و خەباتکاری بواری گەنجان، هاوژین شوانە بارەی تێزەکانی رێبەر ئۆجالانەوە وتی: ئەوەی ئێمە دڵخۆش دەکات، ئەو خەبات و تێکۆشانەی بەڕێز ئۆجالان کردوویەتی، ئەو گرێیانەی ئەو دەستی خستۆتە سەر، هەتا ئێستا دەبینین، تاکی کورد پێوەی دەناڵێنێت، ئەمەش پێمان دەڵێت پێویستە ئیتر ئێمەی گەنجان بەشداری ئەو خەبات و تێكۆشانە بکەین، وەکوو چۆن ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت هەرچی دەکەین و دەڵێین ڕوومان لە گەنجانە.

باسیی لەوەشکرد، خەبات و تێکۆشانیشمان هەر بۆ گەنجانە، داوامان لێ دەکات وەکوو گەنجان لە دژی داگیرکارییە زیهنیەکان و خاک و شووناس و جوگرافیاکەمانەوە هۆشیاربین، ڕێبەر ئۆجالان بۆ چارسەری پرسی گەنج، سەرەتا خۆی ناسی دواتر لە گەڵ چەند هەڤاڵێکی گەنجی، رێبەرایەتی شۆرشی گەنجانی کرد، بۆ ئازادیی، وەکوو چۆن دەڵێت بە گەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنجیش سەردەکەوین.

هەروەها ڕۆژنامەنووس، ئاسۆ جەوهەر باسی لە پرسی چارسەری لای ڕێبەر ئاپۆ، کێشەی دەوڵەت نەتەوە خستەڕوو، وتی: ئەو هێرش و داگیرکاریانەی فاشیزمی تورکی ئەنجامی دەدات، بەرئەنجام و پیلانی ناسیۆنالیزمە، گەورترین بەڵای بە سەر تورکیا و ناوچەکەشدا هێناوە، دەبینین گەریلا لە بەرامبەر دڕندانەترین فاشیزیمی تورکی کە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بەکار دەهێنێت، هەموو ئەوانە بەرهەمی عەقڵیەتی فاشیزمی تورکییە.

هـ.ح

 

 

Comments are closed.