ئیدارەی دەوڵەت داوای پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكانی دیالە و كەركووك دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

شەوی ڕابردوو لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبوونەوە و داوای یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و تەواوكردنی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكانی دیالە و كەركووكیان كرد، هاوكات ئاشكرایان كرد، تا ئێستا ٦٨٪ـی بەرنامەی حكومەت جێبەجێ كراوە.

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردووی لایەنەكانی هاوپەیمانییەكە ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیانداوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە كۆشكی حكومەت ئەنجامداوە، بەمەبەستی تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و نێودەوڵەتی، ئەمە جگە لەوەی تاوتوێی هەوڵەكانی حكومەت كراوە بۆ پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتییان.

ئاماژە بەوەشكراوە، هاوپەیمانییەكە جەختی لە گرنگی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێیەكانی دیالە و كەركووك و چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، هەروەها ئەو خراپ ناوهێنانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی قبوڵكراو نییە.

لە كۆتایدا هاوپەیمانییەكە پشتیوانی خۆیان بۆ حكومەت نوێكردەوە لە گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، هەروەها ڕێژەی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت تا ئێستا گەیشتووەتە ٦٨٪.

جێگەی ئاماژەیە، زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی هەردوو پارێزگای دیالە و كەركووك پێكنەهێنراوە، تا ئێستاش وادەی كۆبوونەوەی ئەو ئەنجوومەنانە و چارەسەركردنی كێشەكانیان دیار نییە.

هـ.ئ

Comments are closed.