کەژەکە: ئەگەر یەکگرتووبووینایە هەزاران ژنی ئێزدی نەدەکەوتنە دەست داعش

شەممە, 15 يول 2017 – 12:13 

ڕۆژنیوز – سلێمانی

کەژەکە، دەڵێت:”ئەگەر ژنانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤شدا ڕێکخستنی خۆیان هەبوایە و یەکگرتووبووینایە، ئەو هەموو ژنە ئێزدییە لە دەستی داعش دا نەبوو”، داواش دەکات یەکێتی ژنان و گەلی کورد پێکبێت.

کۆبوونەوەی ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان لە شاری سلیمانی بەردەوامیی هەیە و پەیامی کۆمەڵانی ژنانی کوردستان(کەژەکە)، پێشکەشکرا.

بەسێ ئەرزنجان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆمەڵانی ژنانی کوردستان(کەژەکە)، پەیامی کەژەکەی پێشکەشکرد و وتی:”دوێنێ ساڵیادی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز بوو، کە هەڤاڵانی ئێمە لە زیندانی ئامەد پاش مانگرتن لە خواردن تا مردن شەهیدبوون، پێویستە بۆ ڕێزگرتن لە هەموو شەهیدان یەکێتی نەتەوەیی پێکبێت”.

ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەژەکە، وتیشی:”چەند ڕۆژ پێش ئێستا کۆبووەنەیە ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێووەچوو، وابڕیاردرا کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنان بەرێوەبچێت و بۆ ئەوەش کۆمیتەیەکی ئامادەکار دروستکرا، ئەمە جێگای شانازیی ژنان و گەلی کوردە بەگشتی”.

بەسێ ئەرزنجان، وتیشی:”سەدەی ٢١ سەدەی ژنە، بەتایبەتی بۆ گەلی کورد، کە ژنان لە بواری سەربازیی و سیاسیدا پێشەنگن لە ئاستی جیهاندا، ئێستا ژنی کورد گەورەترین نموونەیە بۆ بەرخۆدان لە هەموو جیهاندا”.

هەروەها، وتی:”پێویستە هێزی ڕێکخستنمان یەک بخەین و یەکێتی ژنانی کورد و گەلی کورد پێکبێنین، پێویستە هەموو کەسایەتییەک وهەموو لایەنێکی سیاسی تێبکۆشێت بۆ یەکێتی کوردستان”.

ناوبراو، لە بەرەدوامییدا وتی:”ئەگەر ژنانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤شدا ڕێکخستنی خۆیان هەبوایە و یەکگرتوو بووینایە، هەزاران ژنی ئێزدیی نەدەکەوتنە دەستی داعش، ئەگەریش ژنی کورد ئێستا پێش کەوتووە، لە هەمووان زیاتر ڕۆڵی سەرۆک ئاپۆی تێدایە، بۆیە سڵاو و ڕێزی ژنانا لێرەوە دەنێرم بۆ سەرۆک ئاپۆ”.

لە کۆتایی پەیامەکەی کەژەکە-دا جەختکرایەوە”بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوین پێویستە یەکێتی نەتەوەیی کوردستان پێک بێنن”.

ش.ف

Leave A Reply