ئاگر هەزاران دۆنم باخ و دارستانی هەورامانی سووتاند

پێنجشەممە, 24 نوف 2016 – 10:14 

رۆژنیوز – هاوكار مستەفا

شەوی ڕابردوو ئاگریكی بەهێز باخەکانی سنوری چەند گوندێكی شارەدێی بیارەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجەی گرتەوە، تا ئێستاش ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ نەكراوە، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجەش ئاماژە بەوە دەكات ئاگرەكە لە دیوی ئێرانەوەڕا هاتووە.

بەهۆی سەختی ناوچەكە و بونی ژمارەیەكی زۆر لە مین و تەقەمەنی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی سەختتركردوە، تیمەكانی ئاگر كوژاندنەوە ناتوانن وەک پێویست هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بدەن.

نەقیب سەردار ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز وتی:”بە هۆكارێكی نادیار و لە كاتژمێر نۆی شەوی ڕابردوەوە ئاگرێكی بەهێز لە دیوی ئێرانەوەڕا هاتوەتە سنوری گوندەكانی (نارنجلە و باخەكۆن و گەچێنە و زەردەهاڵ و چەمی بیارە) تا ئێستاش بەردەوامی هەیە بەرەو ناحیەی بیارە سەرچاوەی گرتووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی ئەو ئاگرەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار دۆنم باخ و ڕەز و دارستانی سروشتی و پوش و پاوانی سنورەكە سووتاون، هەروەها بەهۆی سەختی ناوچەكە و بەردەوامی ڕەشەبا و بونی مین و تەقەمەنی نەمانتوانیوە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەین”.

وتەبێژەكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە وتیشی:”تا ئێستا تەنها تیمەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە لە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەدان، بڕیاریشە بنكەكانی ئاگركوژاندنەوەی هەڵەبجە و شارەدێی خورماڵ بێنە شوێنی ئاگرەكە و بتوانن كۆنتڕۆڵی بكەن”.

د.خ

Leave A Reply