هەڵەبجە، لە ساڵی ڕابردوودا سێ هاوڵاتی بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە گیانیان لەدەستداوە

یەكشەممە, 8 ينا 2017 – 11:11 

ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە، لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەوە سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوەو وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیەكەش دەڵێت: ڕووداوەكان كەمیکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە ئاماری ساڵی ڕابردووی ئاشكراکردو لەگەڵ ئەوەشدا باس لەهۆكاری نەكردنەوەی بنكەیەك بۆ شارەدێی بیارە دەكات.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:” پاش ئەوەی لەمانگی دەی ساڵی ڕابردوو بوینە بەڕێوەبەرایەتیەكی سەربەخۆو لەسلێمانی دابڕاین، لە ئێستادا پێنج بنكەی ئاگركوژێنەوەمان هەیە، بەڵام بەداخەوە تائێستا لەشارەدێی بیارە هیچ بنكەیەكمان نیەو لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمان داوە كە بنكەیەک لەوێ بكەینەوە، لەبەر گرنگی ناوچەكە كە باخ و دارستان و پوشوپاوانی زۆری هەیەو لە وەرزی هاوین ڕوداوی لە ناكاو و ئاگری زۆر دەكەوێتەوە، تاگەیشتنی تیمەكانمان لەهەڵەبجەوە زیانی زۆر بە ناوچەكە دەگات”.

وتیشی:” هۆكاری نەكردنەوەی بنكەكە دەگەڕێتەوە بۆ كەمی كارمەند لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان و دانەمەزراندنی كارمەندی نوێ‌ لەلایەن حكومەتەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبونی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی بیناو ئامێرو ئۆتۆمبیلی تایبەت، هەر بۆیە پێشتریش داوامان لەحكومەت كردووە لەبەر گرنگی ناوچەكە پێویستە بە زوترین كات بنكەیەكی ئاگركوژێنەوە لە شارەدێی بیارە بكاتەوە”.

ئاماری ساڵی 2016شی بەم شێوەیە بۆ ڕۆژنیوز خستەڕو:” كۆی گشتی ڕوداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان لەساڵی 2016دا بریتیە لە 395 ڕووداو، كە ئەمەش لەچاو ساڵی ڕابردو كەمیکرووە كە زیاتر لە 400 ڕووداوی جۆراوجۆری ئاگركەوتنەوەو لافاو و بەریەك كەوتن و سوتانی ئۆتۆمبل ڕویدابوو، لەم ڕووداوانەی ساڵی ڕابردوو جگە لەزیانی ماددی بەداخەوە سێ هاوڵاتیش گیانیان لەدەست داوە”.

ئاماژەی بەوەشدا:” لە نێو ڕوداوەكاندا 116 حاڵەتیان ئاگركەوتنەوەی ماڵان بووەو 231 حاڵەتیشیان پوشوپاوان و دارستانەكان بووەو 17 حاڵەتیش تایبەت بووە بە پێكدادان و سوتانی ئۆتۆمبیل، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها قوتابخانەیەكیش ئاگری تیا كەوتوەتەوە كە ئەویش بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووەو تەنها زیانی ماددی لێ كەوتوەتەوە”.

لە کۆتایی خستنەڕووی ئامارەكان وتەبێژی بەرگری و شارستانی هەڵەبجە وتیشی:” لە ساڵی ڕابردو 172 پشكنینمان بۆ شوێنە گشتیەكان و باڵەخانەكان كردوە بەمەبەستی مۆڵەتی كاركردن و هەبوونی مەرجی بەرگری شارستانی و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو كات تیمەكانمان لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەكان و پێشوەختەش پلانەكانی خۆمان جێبەجێ‌ دەكەین”.

س.ح

Leave A Reply